"تیمەکان لە ئامادەباشیدان"
له خه‌بات و به‌رده‌ڕه‌ش ئاو چووه‌ته چه‌ند ماڵێكەوە
964+
ئه‌رسه‌لان عه‌بدوڵا
به‌هۆی ئه‌و شه‌پۆڵه بارانه‌ی رووی له هه‌رێمی كوردستان و به تایبه‌تی هه‌ولێر كردووه، له قه‌زاكانی خه‌بات و به‌رده‌ڕه‌ش، ئاو چووه‌ته ناو چه‌ند ماڵێكه‌وه، به‌رگریی شارستانیش ده‌ڵێت تیمه‌كانیان له‌وێن و زیانی گیانی نییه.
كاروان میراوده‌لی، وته‌بێژی به‌رگریی شارستانیی هه‌ولێر به 964ی راگه‌یاند، له شه‌وی رابردووه‌وه تیمه جۆراوجۆره‌كان بۆ رێگریكردن له لافاو و رووداوی نه‌خوازراو له ئاماده‌باشیدان.
وتیشی، چه‌ند حاڵه‌تیك شەوی رابردوو روویانداوه، له‌وانه له قه‌زاكانی خه‌بات و به‌رده‌ڕه‌ش، ئاو چووه‌ته ناو چه‌ند ماڵێك، به‌ڵام زیانی گیانی نییه و تیمه‌كانی ئه‌وانیش خه‌ریكی یارمه‌تیدانی هاوڵاتیان و هه‌روه‌ها چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌كان بوون.
میراوده‌لی ئاماژه‌ی به‌وه دا، له سنووری خۆیان 46 تیمیان هه‌یه، ئێستاش 16 تیم به ته‌واوی له باری ئاماده‌باشیدان و به پشتبه‌ستن به زانیارییه‌كانی كه‌شناسی بۆ هه‌ر ئه‌گه‌رێك ئاماده‌ن.
“له دوێنێ پاش نیوه‌ڕۆوه تیمه‌كانی به‌رگری شارستانی له هه‌موو شار و شارۆچكه‌كانی كوردستان كه‌وتوونه‌ته ئاماده‌باشی و چاودێریی بارودۆخی كه‌شوهه‌وا و ئه‌گه‌ر و پێشهاته‌كان ده‌كه‌ن”، كاروان میراوده‌لی وای وت.
به گوێره‌ی راگه‌یاندراوی پارێزگای هه‌ولێر، له سنووری پارێزگای هه‌ولێردا، سەرجەم فەرمانگە و لایەنە پەیوەندیدارەکان لە ئامادەباشی و ئەرکدان، به تایبه‌تی سەرجەم تیمەکانی (بەرگریی شارستانی، ئاسایش، پۆلیس، زێرەڤانی، پۆلیسی هاتوچۆ، تەندروستی، شارەوانییەکان، ناوەندی قەیرانەکان، دەزگای خێرخوازی بارزانی، ئاو و ئاوەڕۆکان، ئاودێری، تیمی وەڵامدانەوەی خێرای مرۆیی، لقی هەولێری مانگی سوور).
هه‌روه‌ها تیمی فەرمانگە خزمەتگوزارییەکانیش بەردەوامن لە پاککردنەوەى چاڵەکانی ئاووەرگرتن و مەنهۆل و ئاوەڕۆكان لە گەڕەک و شەقامە سەرەکییەکان و شوێنە گشتیەکان.
به پێی پێشبینییه‌كانی كه‌شوهه‌وا و شاره‌زایانی كه‌شناسی له كوردستان، شه‌پۆڵی ئه‌مجاره‌ی باران، تا شه‌ممه‌ی داهاتوو به‌رده‌وام ده‌بێت.