شەقام و شۆستەکانی تەیراوە نوێ دەکرێنەوە

+964

فه‌رهاد حه‌سه‌ن – هه‌ولێر

زیاتر له‌ هه‌فته‌یه‌كه‌، نۆژەنکردنەوەی شۆستە و شەقامی بازاڕی تەیراوە، به‌ درێژیى 600 مه‌تر ده‌ستیپێكردووه‌ و بڕیاره‌ بە ماوه‌ى 90 رۆژ كاره‌كانى ته‌واو بكرێت.

ته‌یراوه‌، یه‌كێكه‌ له‌ گه‌ڕه‌كه‌ میللیی و دێرینه‌كانى شاری هه‌ولێر و به‌هۆى بازاڕه‌ تایبه‌ته‌كه‌یه‌وه‌ جه‌نجاڵییه‌كى زۆرى هاوڵاتیان و شۆفێرانى به‌سه‌ره‌وه‌یه‌.

سیامه‌ند كه‌ریم، وته‌بێژى سه‌رۆكایه‌تى شاره‌وانى هه‌ولێر به‌ +964ی راگه‌یاند، پرۆژەی نۆژەنکردنەوەی شۆستە و شەقامی بازاڕی تەیراوه‌ لە چوارڕیانی نەورۆز بۆ چوارڕیانی کورد و عەرەب بە گوژمەی 893 ملیۆن و 695 هەزار دینار لەسەر بودجەی پەرەپێدانی پارێزگا بە شێوەی بەڵێندەرایەتی جێبەجێ دەکرێت.

رۆژى 1ی كانوونى دووه‌می 2023 ده‌ست به‌و نۆژه‌نكردنه‌وه‌یه‌ كراوه‌ و ماوه‌ى سێ مانگیش ده‌خایه‌نێت.

پڕۆژه‌ى نۆژه‌نكردنه‌وه‌ى شۆستە و شەقامەکانی گه‌ڕه‌كى ته‌یراوه‌ خۆى له‌ دروستكردنى ئاوه‌ڕۆى سندوقی و قیرتاوكردنى شه‌قامه‌ سه‌ره‌كییه‌كه‌ى ده‌بینێته‌وه‌، كه‌ كه‌وتووەته‌ سه‌ر بازنه‌ى 30 مه‌ترى، بۆ ئه‌م مه‌به‌سته‌ش ئه‌و شه‌قامە تا دوو مانگ و نیوى تر به‌ داخراوى ده‌مێنێته‌وه‌.

فازڵ حاجی، وتەبێژی هاتوچۆی هەولێر، به‌ +964ی وت، رێگه‌ى جێگره‌وه‌ بۆ بازنه‌ى 30 مه‌ترى، كه‌ ئێستا كارى تێدا ده‌كرێت، هه‌ردوو بازنه‌ى 60 مه‌ترى و 20 مه‌تریه‌ و شۆفێران ده‌توانن ئه‌و شه‌قامانه‌ به‌كاربهێنن.