کۆڵبەرەکانی سەر سنوور. فۆتۆ ئاژانسی ئانادۆڵو.
دوێنێ شەو
تەقە لە کۆڵبەرێک کرا و کوژرا
964+
فەهمی نەبی
کاتژمێر 11:00ی دوێنێ شەو کۆڵبەرێکی خەڵکی بانە تەقەی لێکراوە و گیانی لەدەستداوە.
بەپێی راگەیەنراوی رێکخراوی هەنگاو بۆ مافەکانی مرۆڤ، ئەو کۆڵبەرە ناوی “سەیوان سەحیحی”یە و تەمەنی 20 ساڵە، لەناوچەی سارداوی شاری بانە لەلایەن هێزە چەکدارەکانی ئێرانەوە تەقەی لێکراوە.
ئەرسەلان یار ئەحمەدی سەرۆکی رێکخراوی هەنگاو بۆ مافەکانی مرۆڤ بۆ 964 قسەیکردووە دەڵێت، ئەو کۆڵبەرە خەڵکی گوندی بلەکە بووە، بەرەبەیانی ئەمڕۆ لە نەخۆشخانەی سەلاحەدینی ئەیوبی شاری بانە تەرمەکەی رادەستی بنەماڵەکەی کراوەتەوە.
ئەوەشی وت، لەسەرتای ئەمساڵەوە هەشت کۆڵبەر بەتەقەی هێزە ئەمنییەکانی ئێران کوژراون و 72ی دیکەش بریندارن.
ئامارەکانی رێکخراوی هەنگاو دەریدەخات، ساڵی 2023 ئەوەی تۆمارکراوە 22 کۆڵبەر کوژراون و 116ی دیکەش بریندار بوون.