بەدواداچوونی 964
ئەو کەسەی له شه‌قڵاوه سوكایه‌تى به گۆڕستانى مه‌سیحییه‌كان کرد بوو دەستگیرکرا
964+
فه‌رهاد حه‌سه‌ن
لەم رۆژانە گرتەیەک ڤیدیۆ لە تۆڕەکۆمەڵایەتییەکان بڵاوبوویەوە، گەنجێک دەردەکەوێت لەگۆڕستانی کریستیانەکانی قەزای شەقڵاوە سوکایەتی بە چەند گۆڕێک دەکات.
بڵاوبوونه‌وه‌ى گرته ڤیدیۆییه‌كه بۆ چه‌ند رۆژێك له‌مه‌وبه‌ر ده‌گه‌ڕێته‌وه و چه‌ند كه‌سێكى كریستیانیش دووباره بڵاویان كردووه‌ته‌وه.
964 بۆ سۆراغى ئه‌م بابه‌ته په‌یوه‌ندی کرد به كاروان كه‌ریم خان قایمقامى قه‌زاى شه‌قڵاوه، ئەو پشتڕاستى كرده‌وه كه ئه‌م رووداوە له سنوورى قه‌زاكه‌ى روویداوه.
به‌پێی ئه‌و زانیاریانه‌ى كه 964 له چه‌ند سه‌رچاوەیه‌كه‌وه ده‌ستیكه‌وتووه، ناسنامه‌ى ئه‌و كه‌سه‌ى له‌سه‌ر گۆڕستانه‌كه قسه ده‌كات ئاشكرا بووه، كه گه‌نجێکى دانیشتووى داره‌تووى سه‌ر به هه‌ولێره و له‌دوێنێوه له‌لایه‌ن ئاسایشی هه‌ولێره‌وه ده‌ستگیركراوه.
کاروان کەریم خان قایمقامى شه‌قڵاوه به 964ـى وت، ڤیدیۆیەک بڵاوبووه‌تەوە کە تێیدا بێڕێزی بە گۆڕی مرۆڤ و برا کریستەکان و تەنانەت شاری شەقڵاوە دەکرێت، بەڵام ئەو رەفتارانە پێشریش دەرهەق بە گۆڕی شێخ و مەزنانی ئیسلام کراوە.
قایمقام هیواداره مەسیحییەکان و گەنجە تێگەیشتووەکانی شەقڵاوە، بە دووربینییەوە مامەڵە لەگەڵ ئەو جۆرە رەفتارانە بکەن و ده‌شڵێت “کارێک نەکەن ئەم وردە شتانە ببنە رەوتی رقدار”.
وا پێشبینى ده‌كرێت، له‌م رۆژانه ئاسایشی هه‌ولێر به‌فه‌رمى ده‌ستگیركردنى ئه‌م كه‌سه و بابه‌تى ده‌ستگیركردنه‌كه‌شى بۆ رای گشتى رابگه‌یه‌نێت.
بەگوێرەی بەدواداچوونەکان، له دێرزه‌مانه‌وه مه‌سیحی و موسڵمانه‌كان له شه‌قڵاوه ده‌ژین و تا ئێستا كه‌مترین حاڵه‌تى به‌ریه‌ككه‌وتن له نێوانیان روویداوه و هه‌ردوولا به ئاسایی سروته ئایینییه‌كانى خۆیان جێبه‌جێ ده‌كه‌ن و وه‌ك له بۆنه‌كانى هه‌ردوولاش ده‌رده‌كه‌وێت، هه‌ڵگرانى ئه‌م دوو ئایینه له شه‌قڵاوه په‌یوه‌ندییه‌كى به‌هێز و تۆكمه‌یان له‌نێواندا هه‌یه.