کوشتارگەی خەبات 15 تۆن زیاتر بەرهەمییەتی

میدیازان – سەعید محەممەد – هەولێر

کوشتارگەی قەزای خەبات – میدیازان

کوشتارگەی خەبات لە پارێزگای هەولێر هەموو رۆژێک نزیکەی 15 تۆن و نیو گۆشت بۆ ماڵان‌ و بازاڕ رەوانە دەکات، سەرچاوەی سەرەکی دابینکردنی گۆشتی ئاژەڵە بۆ خەبات‌و دەوروبەری.

نزیکەی 25 بۆ 30 قەساب 40 جوانەگا و 130 ئاژەڵی بچووک سەردەبڕن، خەڵک و گۆشت فرۆشەکان بۆ ئاژەڵی بچووک 3 هەزار دینار و بۆ ئاژەڵی گەورەش 10 هەزار دینار دەدەن بە کوشتارگەکە تا ئاژەڵەکانیان لەوێ بەپێی رێنماییە تەندروستییەکان سەرببڕن و کەوڵیان بکەن.

قەسابی تایبەت بە کوشتارگەکە نییە و خەڵک دەبێت خۆیان لەگەڵ قەساب رێک بکەون کە بەچەن ئاژەڵەکەیان بۆ سەردەبڕێت.

مەهدی ساڵح، یاریدەدری پزیشکی ڤیتەرنەری خەبات بە میدیازانی راگەیاند، لەژێر چاودێری کارمەندانی ڤێتەرنەری، قەسابەکانی خەبات و دەوروبەری ئاژەڵەکانیان دەهێنن و لە کوشتارگە سەریاندەبڕن.

جگە لە سەنتەری خەبات، ناحیە و گوندەکانیش سوود لەم کوشتارگەیە دەبینن، هەندێک جار گوند و شاروچکەکانیش ئاژەڵەکانیان دەهێنن بۆ کوشتارگەکە.

لە کوشتارگەکەدا کارمەندانی تەندروستی ڤێتێرنەری پشکنین بۆ ئاژەڵەکان دەکات، مەهدی ساڵح دەڵێت، زۆرجار ئاژەڵمان رەتکردۆتەوە بەهۆی ئەوەی نەخۆش بووە یان بە کەڵکی خواردن نەهاتووە.

پزیشکانی ڤێتێرنەری دوای سەربڕین و کەوڵکردن، پشکنین بۆ ئەندامەکانی تری ئاژەڵ دەکەن، یاریدەدەری پزیشکی ڤیتەرنەری خەبات دەڵێت، “رۆژانە نزیکەی 7 جەرگ و 30 سیپەلاک رەتدەکەینەوە و لەناودەبەین لەبەر ئەوەی نەخۆشیان هەیە، جا یان کرمیان هەبووە یان تورەگەی ئاویان هەبووە یان بە هەر هۆکارێک بێت شیاوی خواردن نەبێت.” کوشتارگەی خەبات لە 25 ی کانوونی دووەمی ئەمساڵەوە کراوەتەوەو هەموو رۆژێک جگە لە هەینی لە کاتژمێر 6ی بەیانی تاوەکو 9ی بەیانی کراوەیە و لەلایەن هۆبەی کوشتارگەی بنکەی ڤێتەرنەری خەبات سەرپەرشتی دەکرێت.