پۆلیس دەڵێت لەسەر زەوی و زار بووە
لە دهۆک تەقە کراو کەسێک کوژرا
964+
زەید کۆچەر – دهۆک
لەسەر رێگای کەلەکچی بۆ چڕە- ی پارێزگای دهۆک، ئۆتۆمبیلێک درایە بەر دەستڕێژی گوللە، سەرچاوەیەکی ئەمنی بە 964ی وت، “کوڕ و باوکێک لە ناو ئۆتۆمبیلەکەدا بوون و باوکەکە کوژرا”.
رووداوەکە لە نزیک گوندی زیناوا میری روویداوە، بە قسەی سەرچاوە ئەمنییەکە بێت، بەهۆی کێشەیەکی کۆنی کۆمەڵایەتییە و لەسەر زەوی و زار، باوک و کوڕەکە لەلایەن “خەڵکی چەک بەدەستەوە” تەقەیان لێکراوە.
ئەمڕۆ یەکشەممە 11.2.2024، سەرچاوەیەکی ئەمنی لە قەزای شێخان بۆ 964 ئەوەشی وت، ئەو کەسەی کوژراوە تەمەنی لە نێوان 45 بۆ 50 ساڵ دەبێت، سەرەتا لەگەڵ کوڕەکەی بە برینداری بۆ نەخۆشخانە گواستراونەتەوە، بەڵام باوکەکە برینەکەی سەخت بووە و گیانی لەدەستداوە و کوڕەکەشی گەیەندراوەتە نەخۆشخانەی فریاکەوتن لە دهۆک.
سەرچاوەکە وتیشی، پێشتر ناکۆکی لەسەر هەمان کێشەیەی زەوی و زار، کە لایەنێک قوربانی ئەم رووداوەن هەبووە و ژنێکیش پێشتر، لە ماڵباتی زیانلێکەوتووانی رووداوەکەی ئەمڕۆ پێشتر کوژراوە، لە بارەی جارەنووسی تەقەکەرەکان ئەو سەرچاوە ئەمنییە وتی، “تاوەکو ئێستا تۆمەتبارەکە دەستگیرنەکراوە و هەڵاتووە، پۆلیس دەستی بە لێکۆڵینەوە کردووە”.
پێداچوونەوە: ئەحمەد مستەفا