گۆشتی سوور لە یەکێک لە دوکانەکانی گۆشتفرۆشی سلێمانی _ وێنە: 964
لە سلێمانی ئاماری خواردنی گۆشتی سوور چەندە؟
لە عێراق ساڵانە 600 هەزار تۆن گۆشتی سوور دەخورێت
964+
فەهمی نەبی
ئەمڕۆ شەممە لە سلێمانی کۆنفراسی کوالێتی بەرهەمهێنانی گۆشت بەڕێوەچووە، لە کۆنفراسەکە چۆنیەتی مامەڵەی زانستی لە بەرهەمهێنانی گۆشت باسی لێوەکراوە هاوکات ئاماری گوشتخواردن لەسەر ئاستی عێراق خراوەتەڕوو، ساڵانە 600 هەزار تۆن گۆشتی سوور دەخورێت.
گۆران قادر سەرۆکی لیژنە هاوبەشەکانی قایمقامیەتی سلێمانی بە 964ی وت، لیژنە هاوبەشەکانی قایمقامیەت بەشداری ئەو کۆنفراسە بووە و رێنمایی زانستی ورد خراوەتەڕوو، ئەوەی روونە لە سلێمانی بەشێوەیەکی یەکسان بایەخ بە گۆشتی سوور و سپی دەدرێت بۆ خواردن، بەڵام لە پارێزگاکانی دیکەی ناوەڕاست و خوارووی عێراق زیاتر گۆشتی سوور دەخورێت.
بەگوێرەی ئەو ئامارانەی لە کۆنفراسەکە خراونەتەڕوو، ساڵانە عێراق 600 هەزار تۆن گۆشتی سووری پێویستە بۆ خواردن کە بۆ هەر تاکێکی 19 کیلۆگرام دەکات، گۆران قادر دەڵێت، بەپێی ئامارێکی ساڵانی رابردوو لە شاری سلێمانی ساڵانە هەزار و 409 تۆن گۆشتی سوور دەخورێت.
بەشێکی دیکەی کۆنفراسی کوالێتی بەرهەمهێنانی گۆشت تایبەت بووە بە هۆکارەکانی پیسبوونی گۆشت، بەشێوەیەکی زانستی چەند هۆکارێک خراوتەڕوو، هەندێجار پیسبوونی گۆشت لەکاتی بەخێوکردنی ئاژەڵەکە روودەدات، هەندێکجاری تر پەیوەندی هەیە بەو جۆری ئالیکەی دەدرێت بە ئاژەڵەکە، یان ئەو قڕکەرانەی لە گیای دەشتودەر دەدرێت ئاژەڵ دەیخوات و دەبێتە هۆکاری خراپبوونی گۆشتەکەی.
سەرۆکی لیژنە هاوبەشەکانی قایمقامیەتی سلێمانی دەڵێت، ئەو رێنماییانەی لە کۆنفراسەکە خرانەڕوو گرنگ بوون، بەڵام لیژنەکانی قایمقامیەت بەپێی رێمایی وەزارەتی کشتوکاڵ مامەڵە لەگەڵ ئەو گۆشتە سوور و سپییەی لە بازاڕ هەیە دەکات.