سبەى دادگاى فیدڕاڵى بڕیار دەدات

جاریکى دیکە هەڵبژاردنى پەرلەمانى کوردستان دوادەخرێت؟

964+

وریا فەتاح

بە پێى قسەى وتەبێژى کۆمیسیۆنى باڵاى هەڵبژاردنەکانى عێراق، هیچ بڕیارێک نییە بۆ جارێکى دیکە دواخستنى هەڵبژاردنى پەرلەمانى کوردستان، بەڕێوەبەری گشتیی ئۆفیسی سلێمانی کۆمسیۆنەکەش دەڵێت: سبەینێ دەزانین، چونکە بڕیارەکەى دادگاى فیدڕاڵى کاریگەریى لەسەر دیاریکردنى رۆژى هەڵبژاردن هەیە.

دواى ئەوەى دەنگۆى ئەوە بڵاوکرایەوە کە هەڵبژاردنى پەرلەمانى کوردستان جارێکى دیکە دوادەخرێت و دەکەوێتە مانگى ئەیلولى ئەمساڵ، 964 پەیوەندى بە جومانە غەلای، وتەبێژى کۆمیسیۆنى باڵاى هەڵبژاردنەکانى عێراقەوە کرد و لە وەڵامدا وتى،”هیچ بڕیارێک لەلایەن ئەنجومەنى کۆمیسیارانەوە لە بارەى دواخستنى هەڵبژاردنەکە بۆ مانگى ئەیلول دەرنەچووە”.

“بڕیارى دادگاى فیدڕاڵى لەسەر ئەو سکاڵایەى لە یاسا هەڵبژاردنى پەرلەمانى کوردستان کراوە، بڕیار دەدات کە هەڵبژاردن دوادەخرێت یان نا”

ئامانج عەزیز، بەڕێوەبەری گشتیی ئۆفیسی سلێمانی کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق، قسەى بۆ 964 کردووە دەڵێت: چاوەڕێى بڕیارى سبەینێى دادگاى فیدڕاڵین لەسەر ئەو سکاڵایەى لە یاساى هەڵبژاردنى پەرلەمانى کوردستان دراوە، چونکە لەسەر ئەو بنەمایە بڕیار دەدرێت هەڵبژاردن بکرێت یان نا، بڕیارەکە کاریگەریى لەسەر دیاریکردنى رۆژى هەڵبژاردن دەبێ”.

هەرچەندە کۆمیسیۆن لە ئیش و کارەکانى نەوەستاوە و بەردەوامە، بەڵام وەک ئامانج عەزیز باسى لێوەکرد، ئەگەر سکاڵاکە یەکلایى نەکرێتەوە و جارێکى تر دوابخرێت، ئەوە کاریگەرى لەسەر رۆژى هەڵبژاردن دەبێت.

ئەوەش لە کاتێکدایە، بڕیارە سبەینێ یەکشەممە، جارێکى دیکە دادگاى فیدڕاڵى عێراق، لە بارەى سکاڵایەکەوە کۆببێتەوە، کە لەسەر چەند ماددەیەکى یاساى هەڵبژاردنى پەرلەمانى کوردستان دراوە.

هەرچەندە بڕیار بوو لە رۆژى 25.2.2024، لە ژێر سەرپەرشتى کۆمیسیۆنى هەڵبژاردنەکانى عێراق، هەڵبژاردنى پەرلەمانى کوردستان بەڕێوە بچێت، بەڵام لە ماوەى رابردوودا کۆمیسیۆنەکە بە پاساوى نەبوونى بودجە و سکاڵایەک لەسەر یاساى هەڵبژاردنى پەرلەمانى کوردستان لە دادگاى فیدڕاڵى و هەڵبژاردنى ئەنجومەنى پارێزگاکانى عێراق، رایانگەیاند کە ناتوانن لە 25ى شوبات هەڵبژاردنى پەرلەمانى کوردستان بەڕێوە ببەن، بۆیە دواى کۆبوونەوەیان لەگەڵ سەرۆکایەتى هەرێم، بڕیاردرا لە 19 بۆ 30 ئایار هەڵبژاردنەکە بەڕێوە بچێت.

کۆبوونەوەی دادگای فیدراڵی عێراق لەبارەی کۆتای کریستیا...

کۆبوونەوەی دادگای فیدراڵی عێراق لەبارەی کۆتای کریستیانەکان لە سلێمانى دواخرا