نرخەکەى خەیاڵییە
چاویلکەى ڤیژن پڕۆ گەیشتە هەولێر
964+
شۆڕش عەبدوڵا- هەولێر
بۆ یەکەمجار لە عێراق و هەرێمى کوردستان، ئەمڕۆ پێنجشەممە چاویلکەى ڤیژن پڕۆ گەیشتە هەولێر، بەڵام بەپێى بەدواداچوونەکانى 964 نرخەکەى دەگاتە نزیکەى چوار تا پێنج هەزار دۆلار.
ڤیژن پڕۆ، داهێنانێکى نوێى کۆمپانیاى ئەپڵە و لە شێوەى چاویلەکەدا دروستکراوە کە کێشەکەى سەروو 600 گرامە و چوار دەورت دەکات بە شاشە و بەکارهێنەر بەشێوەى سێ رەهەندى دیمەن و ڤیدیۆکانى لێوە دەبینێت.
محەمەد عەبدول سەلام، کارمەندى بەشى فرۆشتن لە ئێم سەنتەر، لەبارەى بەرهەمەکەوە قسەى بۆ 964 کرد و وتى،”دواى چاوەڕوانییەکى زۆر،چاویلکەی ڤیژن پرۆ، ئەمڕۆ گەیشتە هەولێر”.
“بەرهەمەکە بۆ مەبەستى سەیرکردنى فیلم و ڤیدیۆ و ئەو بابەتانە بەکاردەهینرێت، شوێنگرەوەى ئایپادە و لە داهاتوودا لاپتۆپ تێدەپەڕێنن”، فرۆشیارەکەى ئێم سەنتەر واى بە 964 وت.
جگە لە بینینى ڤیدیۆ، چاویلکەکە چەندین کارى دیکە دەکات، لەوانە تۆمارکردنى ڤیدیۆ و فۆتۆ لە گۆشەى بینینى چاوەکانتەوە.
بەپێى قسەى ئەو فرۆشیارە، نرخەکەى لە عێراق و هەرێمى کوردستان، چوار بۆ پێنج هەزار دۆلارە.
پێداچوونەوە- وریا فەتاح