"سەرکردەیەکی باڵای حیزبوڵا کوژرا"

سوپای ئەمریکا بەرپرسیارەتی هێرشەکەی ئەمشەوی بەغدای لە ئەستۆ گرت

+964

ئەحمەد عەبدوڵا

دوای زیاتر لە دوو کاتژمێر سوپای ئەمریکا بەرپرسیارەتی هێرشەکە ئاسمانییەکەی سەر ناوچەی مەشتەلی بەغدای لە ئەستۆ گرت.

فەرماندەیی ناوەندی سوپای ئەمریکا (سێنتکام) رایگەیاند، “لە بۆردومانەکەی ئەمشەومان لە بەغدا سەرکردەیەکی باڵای حیزبوڵای عێراقی کوژرا کە بەرپرسیاری راستەوخۆی هێرشەکانی سەر هێزەکانی ئەمریکابوو لە عێراق”.

سێنتکام رایشیگەیاند، بەردەوام دەبن لە ئەنجامدانی هەر جوڵەیەکی پێویست بۆ پاراستنی هێزەکانیان.

ئەمشەو کاتژمێر 9:35 لەناوچەی مەشتەلی بەغدا هێرش کرایە سەر ئۆتۆمبێلێک و دوای هێرشەکە حیزبوڵای عێراقی کوژرانی دوو سەرکردەی باڵای راگەیاند، یەکێک لە کوژراوەکان، وسام محەمەد سابر ئەلساعدی بوو کە بە (ئەبو باقر ئەلساعدی) ناسراوە، بەگوێرەی ئەو زانیاریانەی لەبارەی ئەبو باقر ئەلساعدی بڵاوکراوەتەوە، ئەو یەکێک بووە لە فەرماندە دیارەکانی حزبوڵای عێراقی و بەرپرسی سیستمی موشەکی و کردەوەکانی ئەو گروپە بووە لە سوریا.

هێرشەکەی ئەمشەوی ئەمریکا دووەم هێرشە لە خاکی عێراق ئەنجامیدابێت لە ماوەی شەش رۆژی رابردوو دژی گروپە چەکدارەکانی نزیک لە ئێران، دوای هێرشەکەی رابردووی ئەمریکا، کە لە شەوی دووی شووبات ئەنجامیدا، (سێنتکام) رایگەیاند، 85 ئامانجیان لە عێراق و سوریا پێکاوە،  حکومەتی عێراقیش بە فەرمی رایگەیاند، بەهۆی بۆردومانەکان 16 کەس کوژراون و 25 کەسى دیکەش بریندار بوون.