دیمەنی ئاگادارکردنەوەی مەترسی لە کێڵگەیەکی مین.وێنە. رێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو
لە قەسری شیرین
مین دەست و قاچی سێ کەسی پەڕاند
964+
توانا نەقی
سێ هاوڵاتی لە نزیک قەسری شیرین مین پیایاندا تەقیوەتەوە و بە سەختی بریندار بوون و بە قسەی رێکخراوێکی مافی مرۆڤ تەنیا لەسەرەتای ساڵەوە ئەوە هەشتەم حاڵەتە لە رۆژهەڵات روودەدات.
ئەمڕۆ چوارشەممە رێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو بڵاویکردەوە، رووداوەکە دوێنێ سێشەممە روویداوە سێ هاووڵاتی گەنج بەهۆی تەقینەوەی مین لە ناوچەی “بانسارات”ی سووماری قەسری شیرین بریندار و کەمەندام بوون.
ئەرسەلان یار ئەحمەدی سەرۆکی رێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو بە 964ـی وت، تەنیا لەسەرەتای ئەمساڵی 2024، هەشت حاڵەت روویداوە و یەکێک گیانی لەدەستداوە و حەوت کەس بریندار بوون، پێنج لەو کەسانە لە پارێزگای ئیلام بوون و ئەفغانی بوون ویستوویانە بە قاچاغ بێنە ناو خاکی عێراقەوە.
وتیشی، یەکێک لەو سێ هاووڵاتیە پاش تەقینەوەکە دەستبەجێ هەر دوو قاچ و دەستێکی لەدەست داوە، یەکێکی دیکەشی دەموچاو و بەتایبەت چاوی بەسەختی بریندار بووە.
سەبارەت بە ئامارەکانی قوربانیانی مین لە رۆژهەڵاتی کوردستان لە ساڵی 2023 ئەرسەلان یار ئەحمەدی ئاماژەی بەوەکرد، لە ساڵی 2023ـدا، حەوت هاوڵاتی لە ناوچە سنوورییەکانی کوردستان بەهۆی تەقینەوەی مین گیانیان لەدەست داوە و هەروەها 20 هاوڵاتی دیکەش برینداربوون یان کەمەئەندام بوون.
شارۆچکەی قەسری شیرین سەر بە پارێزگای کرماشانە لە رۆژهەڵاتی کوردستان و ناوچەیەکی سنووریە لە نێوان هەرێم و رۆژەهەڵات بەتایبەت لە خاڵی سنووری پەروێزخانەوە لە گەرمیان.