هەڵەبجە

چاودێر بۆ کانە بەردەکان دادەنرێت


ئەحمەد مستەفا

بۆ ئەوەی شێوازی گەیشتن بە کانە بەردەکان و کارکردن تێیدا زیان بە ژینگەی شارەکە نەگەیەنێت، فەرمانگەی ژینگەی هەڵەبجە فەرمانبەری سەرپەرشتیار بۆ هەر پڕۆژەیەکی کانە بەرد دادەنێت کە لە سنورەکەدا مۆڵەت وەردەگرێ.

کانی بەرد، کانی چەو و لم و کانی کانزاکان، بۆ خانووبەرە، پیشەسازی و کانزا بەکاردەهێنرێت، بە قسەی فەرمانگەی ژینگەی هەڵەبجە بێت، ئاشنابوون و زۆربوونی ژمارەی دانیشتوان وایکردووە خواستی گشتی لەسەر کانەکان، زیاتر ببێت، بۆیە لە رێگەی لیژنە و فەرمانبەرانی هۆبەی هۆشیاری چاودێری و سەرپەرشتییان دەکەن.

ئەو کانانەی کە هەن لە هەرێمی کوردستان زیاتر بۆ پیشەسازی دروستکردنی گەچ و چیمەنتۆ سوودی لێوەردەگیرێت، یان بۆ بەردی مەڕمەڕ و کاشی، لەگەڵ ئەو کانانەی چەو و لمیان تێدا دروستدەکرێ.

کۆسار محەمەد، بەرێوەبەری هۆبەی هۆشیاری لە ژینگەی هەڵەبجە بە 964ی وت، پێداویستی ژیان وا ئەکات کە پێویستمان بەو پێکهاتانە هەبێت کە لە کانەکاندا هەن، و ناتوانرێ کارکردنیان تێدا قەدەغە بکرێ، بۆیە لە رێگەی چاودێر و رێنماییەکانەوە دەکرێ، چاودێری توند بکرێن.

کانەکان مۆڵەت لە نەوت و کانزاکان وەردەگرن، لە سنوری پارێزگای هەڵەبجە زیاتر لە 10 کان هەن، فەرمانگەی ژینگە دڵی لەلای شێواندنی خاک و ئاسمانی شارەکەیە کە خۆڵ و تۆز ژینگەکەی پیس نەکات، بۆیە داواشی کردووە، “لێکەوتەی کانەکان نەخرێنە، ناو ئاوی ژێر زەوی و سەر زەوی”.