ئەستێرەیەکی دیاری بۆلیود پونام پاندی. وێنە:ئاژانسەکان.
بۆ پاڵپشتی جۆرێک نەخۆشی بوو
نمایشکارێکی هیندستانی هەواڵی مردنی خۆی بڵاودەکاتەوە
964+
پەری ساڵح
ئەستێرەیەکی دیاری بۆلیود پونام پاندی، هەواڵی مردنی خۆی لە سۆشیال میدیاوە بڵاودەکاتەوە و دوای چەند کاتژمێرێک دەڵێت، لە ژیان ماوم.
پونام پاندی تەمەن 32 ساڵ، لە ئینستاگرام خاوەنی 1.3 ملیۆن فانە و یەکێکە لە نمایشکارە دیارەکانی بۆلیود و هیندستان، لە رێگای هەژمارەکەیەوە هەواڵی مەرگی خۆی بڵاوکردەوە و وتی “رۆژێکی قورسە و بەداخەوە هەواڵی کۆچی ئازیزمان پونام رادەگەیەنین بەهۆی شێرپەنجەی منداڵدانەوە”.
ئەم هەواڵە تەواوی میدیاکانی هیندستان و تۆرە کۆمەڵایەتییەکانی هەژاند، دوای 24 کاتژمێر پاندی ڤیدیۆیەکی بڵاوکردەوە و وتی، ” لە راستیدا من نەمردووم و تەنیا پڕوپاگەندە بوو، بەڵام لە هەستان تێدەگەم، ئامانجم بوو ژنان هۆشیار بکەمەوە لە نەخۆشی شێرپەنجەی منداڵدان بەو رێگایە تا زیاتر خۆیان بپارێزن”.
رەفتاری ئەم نمایشکارە کاردانەوەیەکی زۆری لێکەوتەوە و هەندێک رەخنەی توندی لێدەگرن، بەپێی زانیارییەکانیش شێرپەنجەی منداڵدان بە پلەی چوارەم دێت لەناو جۆرەکانی شێرپەنجە کە زۆر بەربڵاوە لەناو خانمانی جیهاندا.