ئەندازیارێک دەبێتە پاڵەوانی شەتڕەنجی زانکۆی زاخۆ

میدیازان – فەرمان سادق  – هەولێر

بۆ سێیەم ساڵ بەدوای یەک، زانکۆی زاخۆ، پاڵەوانیەتییەکی یەک رۆژەی شەتڕەنج بۆ مامۆستایان و فەرمانبەران‌و قوتابیان رێکخست‌و ئەندازیارێک بووە یەکەم.

ئەمڕۆ چوارشەممە ١٩ـی تشرینی یەکەم، سەرۆکایەتی زانکۆی زاخۆ پاڵەوانیەتییەکی شەتڕەنجی بۆ مامۆستایان و فەرمانبەران و قوتابیانی زانکۆکە رێکخست.

ئەیاد تارق، سەرپەرشتیاری چالاکییە وەرزشی و هونەرییەکانی زانکۆی زاخۆ بە میدیازانی راگەیاند، ٢٢ مامۆستاو فەرمانبەرو قوتابی بەشداری پاڵەوانیەتییەکەیان کرد، پاڵەوانیەتییەکەش بەشێوازی سویسری بەڕێوەچوو، هەر یاریزانێکیش پێنج یاری ئەنجامدا.

شێوازی سویسری لەیاری شەتڕەنج، یەکێکە لەشێوازەکانی یاری شەتڕەنج کە بە پێنج خولەکیش ناسراوە، یارییەکە لەماوەی پێنج خولەک تەواو دەبێت، کام یاریزان زۆرترین پارچەی لە یاریزانی رکابەر خواردبێت، ئەوا ئەو براوەی یارییەکەیە.

لاوین فەهمی، فەرمانبەری ئەندازیار لە سەرۆکایەتی زانکۆی زاخۆ پلەی یەکەمی پاڵەوانیەتییەکەی بەدەستهێنا، هاوکات باس فەرهاد پلەی دووەم و مەکرەم فازڵیش پلەی سێیەمی بەدەستهێا.

لاوین فەهمی، بەمیدیازانی راگەیاند لە پاڵەوانیەتییەکەدا چوار یاری براوە بووەو یاریەکیش یەکسان، بەمەش زۆرترین خاڵم کۆ کردەوەو پلەی یەکەمم بەدەستهێنا.

وێڕاوی دەربڕینی دڵخۆشی خۆی کە پلەی یەکەمی بەدەستهێناوە، لاوین ئاماژەی بەوەشکرد کە ١٣ سالە یاری شەتڕەنج وەک ئارەزوو دەکات، ساڵی رابردووش بەشداری لە پاڵەوانیەتییەکی تری شەترەنجی لەسەر ئاستی زانکۆی دهۆک کردووە.

زیاتر وتی “هیچ کات بیرم لەوە نەکردۆتەوە پەیوەندی بە یانەیەکی وەرزشی بکەم، چونکە خۆم ئەندازیارم، ئەو کاتەم نیە بچمە ریزی یانەیەکی وەرزشی، ئەمەش وایکردووە یاری هەر بۆ خۆشی بکەم”.

پاڵەوانیەتییەکەی ئەمساڵی زانکۆی زاخۆ، سێیەمین پاڵەوانیەتییە کە سەرۆکایەتی زانکۆکە رێکی دەخات، وەک ئەیاد تارق دەڵێ، ساڵانە دووجار پاڵەوانیەتییەکە رێکدەخەن، لە وەرزی یەکەم و وەرزی دووەم.