میواندۆستیی خەڵکی بەسڕه‌ سۆشیال میدیای پڕ کردووە

+964

ئەم یەک دوو رۆژە باس باسی میواندۆستی خەڵکی بەسڕەیە، تیکتۆک و سناپچات پڕ بووە لە ڤیدیۆی ئەو خەڵکەی لە وڵاتانی کەنداوەوە دەچنە بەسڕە و خەڵکی ئەو شارە رێیان پێدەگرن و دەڵێن، نابێت بچنە هۆتێل، ماڵی براتان لێرەیە.

رۆژی 6ی ئەم مانگە جامی کەنداوی 25 لە بەسڕە دەستی پێکرد، گەورەترین رەخنە کە لەو شارە دەگیرا ئەوە بوو بەئەندازەی پێویست هۆتێل و چێشتخانەی تێدا نییە، نرخی مانەوە زۆر بەرز بووبووەوە، بەڵام هەر زوو خەڵکی شارەکە قەرەبووی ئەو نوقسانییەیان کردەوە.

لەسەر شەقامێکی دیاری بەسڕە پیاوێک وەستاوە و لەسەر پارچە کارتۆنێک نوسیوێتی ”شوێنی مانەوەی خۆڕایی” داوا لە میوانەکانی ئەو شارە دەکات، نەچنە هۆتێل و بچنە ماڵەکەی ئەو، لە دوێنێوە ئەم ڤیدیۆیە سۆشیال میدیای پڕکردووە.

کوێتی و قەتەڕی و عومانی و سعوودی و خەڵکی وڵاتانی دیكه‌ی کەنداو، رۆژانە ڤیدیۆ بڵاو دەکەنەوە و ”دەڵێن میواندۆستی خەڵکی بەسڕە خەجاڵەتیان کردووین”.

دوو پیاوی قەتەڕی، کە ئاڵایەکی وڵاتەکەیان لەسەر سەیارەکەیان داناوە، هەر بۆ تاقیکردنەوە بە شەقامێکی بەسڕەدا دەڕۆن، بە مۆبایلەکەیان ڤیدیۆیان گرتووە، لەماوەی سێ خولەکدا زیاتر لە دە کەس رێیان پێدەگرن و سوێندیان لێدەخۆن، کە نابێت بچنە هۆتێل و ئەوان دەیانبەنە ماڵەوە.

چەند کەسێکی عومانیش لە دەوری پیاوێکی عەشیرەتداری بەسڕە کۆبوونەتەوە و بە گۆڕی سوڵتان قابووس سوێندیان لێدەخوات، کە بۆ ئێوارە میوانی ئەون -سوڵتان بن قابووس سوڵتانی پێشووی عومان بوو-.

ئەو کوردانەشی بە جلی کوردییەوە چوونه‌تە ئەوێ، خەڵکی شارەکە دەوریان لێداون و برا برا فۆتۆیان لەگەڵ دەگرن.

مەزەندە دەکرێت 300 هەزار کەس روویان لە بەسڕە کردبێت، ئێستا چەند گرووپێک لە بەسڕە دەسپێشخەرییەکیان راگەیاندووە بۆ دابینکردنی شوێنی مانەوە و هەندێ کەس ماڵی خۆی چۆڵ دەکەن و دەیدەن بە میوانەکان.