فڕۆکەیەکی جەنگی بەریتانی کە هێرشی کردە سەر حوسییەکان. وێنە:وەزارەتی بەرگری بەریتانی.
چی دەگوزەرێت؟
کورتەی نوێترین رووداوەکانی رۆژهەڵاتی ناوەراست
964+
فەهمی نەبی
دوێنێ شەو فڕۆکە جەنگیەکانی ئەمریکا و بەریتانیا هێرشی چڕیان بۆسەر پێگەی حوسییەکانی یەمەن ئەنجامدا، لەنوێترین راگەیەنراویدا فەرماندەیی ناوەندی هێزەکانی ئەمریکا (سێنتکۆم) ئەوەی راگەیاندووە، ئەو پێگانەی حوسییەکان کراونەتە ئامانج کە لەژێر زەمینەکانن لەوانە کۆگاکانی چەک و سیستمی هەڵدانی موشەک، لە راگەیەنراوەکە ئەوەش هاتووە، شەش موشەکی جۆری کرۆزی حوسییەکانیان تێکشکاندووە کە ئامادەکرابوون بۆ هەڵدان، بەیاننامەی هاوبەشی هێزەکانی ئەمریکا و بەرییانیا دەریدەخات، لە 13 شوێنی یەمەن 36 ئامانجی حوسییەکان بۆردوومان کراون.
روانگەی سوری بۆ مافەکانی مرۆڤ دەڵێت، ئێوارەی دوێنێ شەممە لە هێرشێکی چەکداری رێکخراوی داعش، دوو چەکداری هێزەکانی سوریای دیموکرات گیانیان بەخشی.
لە ئەنجامی هێرشەکانی شەوی هەینی ئەمریکا بۆ گروپەکانی نزیک لە ئێران لە ناوچەی دێرەزوور و گوندەکانی دەوروبەری، 29 چەکداری ئەو گروپانە کوژراون، لەناویاندا شەش چەکداری حزبوڵا هەیە.
سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەرانی ئەمریکا مایک جۆنسۆن پێدانی هاوکاریەکی نوێی سەربازی ئەمریکای بۆ ئیسرائیل ئاشکراکردووە، 17 ملیار و شەش ملیۆن دۆلار وەک هاوکاری لەشەڕی بەرامبەر چەکدارانی حەماس بە ئیسرائیل دەبەخشێت.
ئاژانسی فرانس پرێسی فەرەنسی لە زاری دیمیتری پۆلیانسکی نوێنەری هەمیشەیی روسیا لە نەتەوە یەکگرتووەکان ئەوەی رایگەیاندووە، داوامان کرد کۆبوونەوەیەکی بەپەلەی ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان بکرێت بۆ تاوتوێکردنی مەترسییەکانی سەر ئاشتی و ئاسایش کە لە ئەنجامی هێرشەکانی ئەمریکا بۆ سەر سوریا و عێراق دروستبووە.