باڵەخانەی وەزارەتی دەرەوەی عێراق - وێنە: ئاژانسەکان
دەربارەی هێرشەکانی دوێنێ شەوە
وەزارەتی دەرەوەی عێراق یاداشتی ناڕەزایی بە باڵیۆزخانەی ئەمریکا دا
964+
پێشەوا محەمەد
وەزارەتی دەرەوەی عێراق ئەمڕۆ شەممە رایگەیاند، لە رێگەی باڵیۆزخانەی ئەمریکاوە لە عێراق یاداشتی ناڕەزایەتییان بۆ ئەمریکا ناردووە سەبارەت بە هێرشەکانی شەوی رابردوویان بۆ سەر عێراق.
وەزارەتەکە لە بەیاننامەیەکدا بڵاویکردووەتەوە، ئەمریکا لە هێرشەکەیدا “شوێنە سەربازی و مەدەنییەکانی” کردووەتە ئامانج.
بەیاننامەکە هیچ وردەکارییەکی تێدا نییە سەبارەت بە ناوەڕۆکی یاداشتە ناڕەزایەتییەکەی عێراق بۆ ئەمریکا.
شەوی رابردوو ئەمریکا هێرشی کردە سەر چەند بنکەیەک لە سوریا و عێراق و دواتر خۆیان لە بەیاننامەیەکدا رایانگەیاند، 85 بنکە و بارەگایان کردووەتە ئامانج و بەپێی زانیارییەکانی حکومەتی عێراقی، 16 کەس گیانیان لەدەست داوە و 25ـی دیکەش بریندار بوون.
باسم عەوادى، وتەبێژی حکومەتی عێراق راگەیەندراوێکی لەبارەی هێرشەکانی شەوی رابردووی ئەمریکا بڵاوکردووەتە و دەڵێت: ئیدارەی ئەمریکا دەستدرێژییەکی نوێی بۆ سەر سەروەری عێراق ئەنجامدا، بەو پێیەی شوێنی هێزە ئەمنییەکانمان لە ناوچەی عەکاشات و قائیم بۆردومانکراوە، ئەوە جگە لە شوێنە مەدەنییەکان کە لەلایەن چەند فڕۆکەیەکی ئەمریکییەوە بۆردومان کراون.
“لە هێرشەکانى شەوى رابردوى ئەمەریکادا لە عێراق، 16 کەس کوژراون کە خەڵکى مەدەنیان تێدابووە، هەروەها 25 کەسى دیکەش بریندار بوون و زیان بەر بیناى نیشتەجێبوون و ماڵى هاوڵاتیان کەوتووە”، وتەبێژى حکومەتى عێراق وا دەڵێت.