لۆگۆی بەڕێوەبەرایەتی گشتی رێگاوبان و ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردنی راپەڕین
چاوەڕیی پارەن
رەزامەندی نۆژەنکردنەوەی دوو رێگای سەرەکیی رانییە درا
پێشەوا محەمەد
وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە رەزامەندی دەربڕیوە لەسەر چاککردنی هەردوو رێگای دەربەند – ژاراوە و دووسایدی رانییە دەربەند.
رەزامەندییەکە لە سەردانێکی بەڕێوەبەری بەڕێوەبەرایەتی گشتی رێگاوبان و ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردنی راپەڕین بۆ لای وەزیری ئاوەدانکردنەوە وەرگیراوە.
ئومێد حەمەعەلی، بەڕێوەبەری گشتی رێگاوبان و ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردنی راپەڕین بە 964ـی راگەیاند، ئەو دوو رێگایە سەرەکین و زۆر بەکاردێن و هاتوچۆیەکی زۆریان لەسەرە و نۆژەنکردنەوە و چاککردنیان پێویستە و هاوکاریی کەمکردنەوەی رووداوی نەخوازراو دەکات لەسەریان.
ئاماژەی بەوەش دا، ئێستا نووسراوی وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە سەبارەت بە نۆژەنکردنەوەی ئەو دوو رێگایە بۆ وەزارەتی دارایی نێردراوە بۆ تەرخانکردنی پارەی پێویست بۆیان.
سەبارەت بە دەستپێکردنەوەی کارکردن لە رێگای بالیسان و باشتر کارکردن لە پردی دەربەندی رانییە، ئەو بەڕێوەبەرەی راپەڕین وتی، “وەزیر بەڵێنی دا پارەی پێویست تەرخان دەکرێت بۆ تەواوکردنی قیرتاوکردنی رێگای بالیسان دوای نەمانی وەرزی سەرما و هەروەها دڵنیاییشی دا لە چڕترکردنەوەی کارکردن لە پردەکەی دەربەندی رانییەدا”.