964+
بەڕێوەبەری تەندروستی چی دەڵێت؟
بەهۆی بایکۆتەوە کارمەندانی بوژانەوەی دڵ لە راپەڕین موچەکانیان راگیرا
964+
ژێوار خدر – راپەڕین
بەهۆی ئەوەی بایکۆتی دەوامیان کردبوو، کارمەندانی بەشی بوژانەوەی دڵ لە راپەڕین موچەکانیان راگیراوە و پێیان وتراوە تا دەست بە دەوام نەکەنەوە موچەکانتان پێ نادرێت، ئەمە وتەی یەکێک لەکارمەندانی ئەو بەشە بووە.
سەرچاوەیەک لە تەندروستی راپەڕین ئەو زانیاریەی بۆ 964 پشتڕاستکردەوە و دەڵێت، بەهۆی ئەوەی ئامادە نەبوون دەوام بکەن و بایکۆتیان کردووە، بە بڕیاری بەڕێوەبەری گشتی موچەی ئەو کارمەندانەی راگیراوە تا ئەو کاتەی دەوام دەکەنەوە، چونکە نەخۆش لەو ناوچەیە بە ناچاری دەبێت بچێتە دەرەوەی سنوورەکە.
یەکێک لە کارمەندانی هەمان بەش بە 964ی وت، “ئێمە 15 کارمەند و حەوت پەرستارین لەبەشی بوژانەوەی دڵ، مووچەکانمان راگیراوە”.
964 پەیوەندیکرد بە د.دیار ئیبراهیم بەڕێوەبەری گشتی تەندروستی راپەڕین ئەو وتی، “بڕیارەکە تەنیا ئەو کەسانەیە کە ئێستا دەوام ناکەن و لە دەوام نین، ئەو کارمەندانە ئەگەر ئەمڕۆ بێنەوە دەوام دەتوانن سبەی موچەکانیان وەربگرن”.
ئەوەش دەڵێت: موچەی هیچ کەسێک رانەگیراوە، بەڵام کارمەندانی ئەو بەشە کە لە مانگێکدا تەنیا چوار رۆژ دەوام دەکەن، بەشەکەیان پەیوەندی بە مردن و ژیانەوە هەیە، کەچی ئەو کارمەندانە ئامادە نین دەوام بکەن.
بەڕێوەبەری تەندروستی راپەڕین وتیشی، بەبێ پرس نەخۆشیان ئیزن داوە و وتویانە بایکۆتە، لە کاتێکدا ئێمە ناتوانین بەرپرسیاریەتی ژیانی کەس هەڵبگرین کە ئاوا مامەڵەیان لەگەڵ بکرێت.
بەگوێرەی زانیارییەکان ئێستا کارمەندانی بەشی بوژانەوەی دڵ لە کۆبونەوەن بۆئەوەی بگەنە بڕیارێک لەبارەی دەستپێکردنەوەی دەوام.
هاوشێوەی مامۆستایانی ناڕازی لە رۆژی چوارشەممەوە کارمەندانی بەشی بوژانەوەی دڵی نەخۆشخانەی فێرکاری رانیە بایکۆتییان کردووە و داواکارییەکانیشیان بریتییە لە پێدانی موچە و گەڕانەوەی پلە بەرزکردنەوە و دامەزراندنی کارمەندانی خۆبەخش.