قەرەبووی مادەی 140ـە
زیاتر لە ملیارێک دینار وەک قەرەبوو دەدرێت بە 136 خێزانی کەرکوک
964+
ژووری هەواڵ
نوسینگەی کەرکوکی مادەی 140 ناوی ژمارەیەک خێزانی بڵاوکردەوە و داوایان لێدەکات بە مەبەستی وەرگرتنی قەرەبوو سەردانیان بکەن و هەر خێزانێک بڕی 10 ملیۆن دینار پێدەدرێت.
ئەو خێزانانەی ناویان لە لیستی قەرەبووەکەدا هاتوو 136 خێزانن و لە رێگەی چەکی بانکییەوە بڕی ملیارێک و 360 ملیۆن دیناریان وەک قەرەبووی مادەی 140 پێدەدرێت.
نوسینگەی کەرکوکی مادەی 140 داوا لەو خێزانانە دەکات بەڵگەنامەکانیان لەگەڵ کۆپی رەنگاورەنگ و دوو وێنەی خاوەنی مامەڵە لەگەڵ خۆیاندا بهێنن تا بتوانن چەکی قەرەبوو وەربگرن.
لە ماوەی دوو مانگی رابردوودا، ناوی 939 خێزانی کەرکوک گەڕاوەتەوە بۆئەوەی چەکی قەرەبوو وەربگرن، بڕی پارەی قەرەبووەکەیان کە بۆیان دابینکراوە دەکاتە نۆ ملیار و 390 ملیۆن دینار.
“ساڵی 2021ـیش 50 ملیار دیناری دیکە تەرخان کرا بۆ مادەی 140، بەڵام هەموو پارەکە درا بە خەڵکانی ناوەڕاست و باشووری عێراق، کە زەرەرمەندی دەستی رژێمی بەعس بوون”، ئەمە قسەی فەهمی بورهان، سەرۆکی دەستەی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمە بە 964.