دوو هەفتە بەردەوام دەبێت
تەندروستیی کۆیە هانی شیردانی سروشتی دەدات
964+
پێشەوا محەمەد
تەندروستیی کۆیە هەڵمەتێکی دوو هەفتەیی بۆ هاندانی شیردانی سروشتی راگەیاندووە، بەڕێوەبەرایەتییەکە دەڵێت، خەریکە شیردانی سروشتی کەمدەبێتەوە.
هەڵمەتەکە خۆی لە هەڵواسین و بڵاوکردنەوەی پۆستەر و پروشەر لە شوێنە گشتییەکان و بەشداریکردنی بەرنامە تەلەفیزیۆنی و رادیۆییەکان و ئەنجامدانی سیمینار دەبینێتەوە.
هاوکار عەلی، وتەبێژی تەندروستیی کۆیە بە 964ـی راگەیاند، پیشبینیان کردووە شیردانی سروشتی لە لایەن داکانەوە کەمبووەتەوە و ئەو هەڵمەتە بۆ هۆشیارکردنەوەی زیاتری دایکان و خێزانەکانە.
وتیشی، “ئێستا نزیکەی نیوەی دایکان شیری خۆیان بە منداڵەکانیان دەدەن، ئێمەش دەمانەوێت لە سوودە زۆرەکانی شیردانی سروشتی ئاگاداریان بکەینەوە و دووربکەونەوە لە شیری قتوو”.
بەڕێوەبەرایەتییەکە چەند تیمێکی بۆ ئەو مەبەستە پێکهێناوە و لەناو بنکە تەندروستییەکانیش پۆستەر هەڵدەواسن.
“هیچ شیر و خواردنێکی دیکە جێگای شیری دایک بۆ منداڵەکەی ناگرێتەوە، گرنگە دایکان بە هیچ پاساوێک منداڵەکەیان لەو شیرەی خۆیان بێبەش نەکەن”، ئەوەش قسەی هاوکار عەلییە.