بەڕێوەبەرایەتیی تەندروستی کۆیە - پەیجی بەڕێوەبەرایەتییەکە لە فەیسبووک
بۆ یەکەم کوتانە
لەمەودوا تەندروستیی کۆیە دوو رۆژ کوتان ئەنجام دەدات
پێشەوا محەمەد
تەندروستی کۆیە هاوڵاتیان ئاگادار دەکاتەوە لەمەودوا تەنیا دوو رۆژ کوتان بۆ منداڵانی تازە لەدایکبوو دەکات، ئەوانیش رۆژانی یەکشەممە و چوارشەممەیە.
دیاریکردنی ئەو دوو رۆژە تەنیا بۆ ئەو منداڵانەیە کە یەکەم کوتانیان هەیە و کوتانەکانی دیکە بەپێی ئەو کاتەی بۆیان دیاری دەکرێت ئەنجام دەدرێن.
هاوکار عەلی، وتەبێژی تەندروستیی کۆیە بە 964ـی راگەیاند، بڕیارەکە لەبەر ئەوە درا کە رۆژانە منداڵی کەم دەهێندرێن بۆ کوتان و دیاریکردنی ئەو دوو رۆژە بۆ ئەوەیە لانیکەم پێنج بۆ حەوت منداڵ یەکەم کوتانیان بۆ بکرێت.
وتیشی، “ئەو قەترەیەی کوتانەکەی پێدەکرێت لە بەغداوە دەهێندرێت و نرخەکەی زۆر گرانە، هەر شوشەیەکیش بەشی شەش تا حەوت منداڵی تێدایە و ئەگەر بەکارنەهێندرێت بەسەردەچێت، بۆیە رۆژ هەبووە شوشەیەک بۆ دوو منداڵ هەڵپچڕاوە و ئەوەی دیکەی فڕێدراوە”.
پێشتر تەندروستی کۆیە هەڵمەتێکی 10 رۆژەی بۆ تەواوی کۆڵان و گوندەکانی سنوورەکەیان دەستپێکرد بۆ کوتانی ئەو منداڵانەی بە هەر هۆکارێک بێت کوتانەکانیان دواکەوتووە.
“بەو شێوەیە رێگە لە بەفیڕۆچوونی ئەو قەترەیە دەگرین و هیچی خەسار نابێت و لەو دوو رۆژەدا منداڵە تازە لەدایکبووەکان یەکەم کوتانیان بۆ دەکەین”، ئەوەش قسەی هاوکار عەلییە.