زیاتر لە 7 ملیار دینار تێچووەکەیەتی
دوای سێ ساڵ پردی تێپەڕبوونی ئاوی کشتوکاڵی خورماتوو چاککرایەوە
سیروان خورشید – دوزخورماتوو
دوای سێ ساڵ لە پەککەوتن و تێکچوونی ئاوی کشتوکاڵی دوو ناحیە و 36 گوندی سنووری دوزخورماتوو، جارێکی دیکە چاککرایەوە و ئاویان بۆ رۆیشتەوە.
سێ ساڵ لەمەوپێش بەهۆی بارانبارین و هاتنی لافاو لە قەزاکە، پردێکی تێپەڕبوونی پڕۆژەی ئاوی قەزای دوزخورماتوو، کە بەرەو ناحیە و گوندەکانی سنوورەکە دەڕۆیشت، داڕما و کشتوکاڵی دوو ناحیە و 36 گوندی کشتوکاڵی بێ ئاو کرد.
جوتیاران و دانیشتووانی گوندەکانی سنووری دوزخوماتوو، ساڵانێکە نیگەرانن و بە ئاستەنگ ئاو پەیدا دەکەن بۆ رایکردنی کشتوکاڵییان.
قاسم عەلی جوتیارێکی سنووری ناحیەی سلێمان بەگە لە خورماتوو بە 964ـی وت، سەرەڕای دڵخۆشیان بە چاککردنی سەرچاوەی ئاوی کشتوکاڵی گوندەکانیان،
بەڵام دەڵێت، سێ ساڵە بەدەست کێشە و گرفتی کەمی ئاوی کشتوکاڵییەوە دەناڵێنن و هیچ جێگەیەک نەما سکاڵا لێ تۆمار نەکەن، بۆ ئەوەی بێن بە هانایانەوە، بەڵام هەر بێسوود بووە.
وتیشی، لەو ماوەیەدا بەشێک لە جوتیارانی گوندەکان ئاوی بیریان بەکار دەهێنا بۆ کشتوکاڵ و ئاژەڵداری، ئەوەش بەشی نەدەکرد و بەردەوام کێشە و گرفتیان هەبووە لەسەر ئاودێری.
ئەحمەد خەیروڵا، بەڕێوەبەری سەرچاوە ئاوییەکانی خورماتوو بە 964ـی وت، ئەوان لە هەوڵەکانیان بەردەوام بوون و ماوەی سێ ساڵە حکومەتی عێراق گوێی بۆ داواکاریەکانیان ناگرێت و ئەو بڕە پارەیەی، کە خەرجی تێچووەکەیەتی لە توانای ئەواندا نییە.
ئەوەش دەڵێت، داوایان لە کۆمپانیای فاو کردووە هاوکارییان بکەن بۆ چاککردنی ئەو پڕۆژەیەی، کە ماوەی سێ ساڵە پەکخراوە و کشتوکاڵی ژمارەیەکی زۆر لە گوندەکان زیانیان پێگەیشتووە.
بەپێی زانیارییەکانی 964 مەودای چاککردنەوەی شوێنی داڕمانەکە 5 کیلۆمەترە و تێچووی چاککردنەکەی حەوت ملیار و 725ملیۆن دینارە.
پێداچوونەوە: توانا نەقی