منداڵێکی تازە لەدایکبوو.
دەبێت بچنە دادگا
سزای دارایی دواخستنی بڕوانامەی لەدایکبوون نەما
964+
ژووری هەواڵ
لەمەودوا ئەو خێزانانەی کە بۆ ماوەی 15 بۆ 45 رۆژ لە دەرکردنی بڕوانامەی لەدایکبوونی منداڵەکانیان دوادەکەون سزای دارایی نادرێن، بەڵکو دەبێت بچنە دادگا و لەوێ کارەکانیان رایی بکەن.
ئەمڕۆ چوارشەممە 31.1.2024، د. سیروان محەمەد، بەڕێوەبەری تەندروستی گەرمیان بە 964ـی راگەیاند، پێشتر سزای دواخستنی دەرکردنی بڕوانامەی لەداکبوون “هەزار دینار بوو”، بەڵام ئێستا ئەوە نەماوە و لە ئەگەری دواخستندا دەبێت هاوڵاتیان بۆ راییکردنی مامەڵەی بڕوانامەی لەدایکبوون بچنە دادگا.
بەگوێرەی رێنماییەکی نوێی وەزارەتی تەندروستی هەرێمی کوردستان کە ئەمڕۆ چوارشەممە 31.1.2024 بۆ بەڕێوەبەرایەتییەکانی تەندروستی نێردراوە، ئەو هاوڵاتیانەی مناڵەکەیان لە نەخۆشخانە حکومی و ئەهلییەکان لەدایکبووە، دەبێت لەماوەی 15 رۆژدا هەستن بە دەرهێنانی بڕوانامەی لەدایکبوون بۆیان، بەپێچەوانەوە دوای ئەو ماوەیە دەبێت لەلایەن دادگاوە بڕوانامەکەیان بۆ دەربکرێت.
ئەو هاوڵاتیانەشی کە لەناو شارن و لە دەرەوەی نەخۆشخانە حکومی و ئەهلییەکان مناڵەکەیان لەدایکبووە، دەبێت لەماوەی 30 رۆژدا هەستن بە دەرهێنانی بڕوانامەی لەدایکبوون بۆیان بۆ ئەوەی نەچنە دادگا.
بۆ ئەو هاوڵاتیانەی کە لە دەرەوەی شارن و لە دەرەوەی نەخۆشخانە حکومی و ئەهلییەکان مناڵەکەیان لەدایکبووە، دەبێت لەماوەی 45 رۆژدا هەستن بە دەرهێنانی بڕوانامەی لەدایکبوون.