کۆبوونەوەی پزیشکانی شێرپەنجە لە سلێمانی. فۆتۆ: تەندروستیی سلێمانی
هەفتانە کۆدەبنەوە
پزیشکانی شێرپەنجە لە سلێمانی بەدوای چارەسەری نوێدا دەگەڕێن
ژووری هەواڵ
پزیشکە پسپۆڕەکانی شێرپەنجە لە سلێمانی بەدوای چارەسەری نوێدا دەگەڕێن بۆ نەخۆشەکانیان، دەشیانەوێت وردتر هۆکارەکانی توشبوون دەستنیشان بکەن.
ئێستا هەفتانە ئەو پزیشکانە کۆدەبنەوە، هەر جارەو جۆرێکی شێرپەنجە دەخەنە بەر باس و تاوتوێی باشترین رێگە چارە دەکەن بۆ چارەسەرکردنی توشبووان.
ئەمڕۆ 30.1.2024، د. دەشتی لەتیف، جێگری بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی هیوا بە 964ـی راگەیاند، کۆبوونەوەی هەفتانەی ئەمجارە تایبەت بووە بە تووشبووانی شێرپەنجە لە ناو گەورەساڵاندا.
بەڕێوەبەرایەتیی تەندروستیی سلێمانی لە بارەی کۆبوونەوەکەوە دەڵێت، لەم كۆبوونەوە هەفتانەیەدا پزیشکە پسپۆرەکان دەیانەوێت رێگەی زانستی نوێ و تازەگەری سەردەمیانە بەكاربهێنن بۆ نەخۆشەكان.
“لەم كۆبوونەوە فرە پسپۆرییەدا هەفتانە باس لە هۆکارەکانی تووشبوونی چەند نەخۆشێك دەكرێت و تێیدا بە كۆی دەنگی پسپۆرییەكان باشترین رێگە چارە دەدۆزرێتەوە بۆ نەخۆشەكان تا لەو رێگەیەوە زۆرترین خزمەت بە تووشبووانی شێرپەنجە بكرێت”، بەڕێوەبەرایەتی تەندروستیی سلێمانی وادەڵێت.
بە گوێرەی ئەو ئامارەی 964 لە نەخۆشخانەی هیوا وەریگرتووە، لە ساڵی 2023ـدا ژمارەی ئەو توشبووانەی شێرپەنجە کە لە نەخۆشخانەکە تۆمارکراون گەیشتووەتە نزیکەی سێ هەزار کەس.