وەڵامی پەروەردە چییە؟
قوتابیانی پۆلی 12 لە سلێمانی داوادەکەن پرۆگرامی خوێندنیان بۆ کەم بکرێتەوە
964+
دیلان محەمەد جەزا – سلێمانی
قوتابیانی پۆلی 12 داواکارییان لە وەزارەتی پەروەردە ئەوەیە، پرۆگرامی خوێندنیان بۆ کەم بکرێتەوە، قوتابیەک دەڵێت، “هەندێک لە وانەکان کە دەیخوێنین، ئەوەندە پەلەمان لێدەکرێت، پێش هەولێر کەوتووین”.
ئەیوب ئەحمەد نوێنەری قوتابیانی پۆلی 12 بە 964ـی وت، “داواکاریمان ئەوەیە، پرۆگرامەکانمان بۆ کەمبکەنەوە، وەزیری پەروەردە میکانیزمەکانی خوێندنی ئەمساڵمان بۆ رابگەیەنێت”.
نوێنەری قوتابیانی پۆلی 12 داواکاریەکی دیکەی لە وەزیری خوێندنی باڵا هەیە دەڵێت، کورسیەکانی خوێندن لە زانکۆکان زیاد بکرێت، بۆ ئەوەی چانسی وەرگرتنی قوتابیان زیاتر بێت.
ئەوەشی خستەڕوو، بەهۆی بایکۆتی دەوامی قوتابخانەکانەوە نزیکەی دوو مانگ لە خوێندن دواکەوتوون، هەندێک لە وانەکان زۆر دواکەوتوون و هەندێکی دیکە پەلەیان لێ دەکرێت.
نەژاد عەبدوڵا جێگری بەڕێوەبەری پەروەردەی سلێمانی بە 964ی وت، تا ئێستا ئەو قوتابیانە داواکاریەکەیان نەهێناوەتە پەروەردەی سلێمانی، تا وەڵامیان بدەنەوە، کەمکردنەوەی مەنهەجی خوێندن و دانانی میکانیزم لە دەسەڵاتی وەزارەتی پەروەردەیە و ئەوان بڕیاری لەبارەوە دەدەن.