ئەمجارە جیاواز دەبێت
ئەندامانی نوێی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوک سوێندی یاسایی دەخۆن
964+
ژووری هەواڵ
ئەمڕۆ ئەندامانی هەڵبژێردراوی ئەنجومەمی پارێزگای کەرکوک سوێندی یاسایی دەخۆن و بڕیارە لە مانگی داهاتووشدا یەکەم کۆبوونەوەی ئەنجوومەن بۆ هەڵبژاردنی سەرۆک و دوو جێگرەکەی بکرێت.
حەسەن شێخانی، سەرۆکی لیستی پارتی دیموکراتی کوردستان بۆ ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوک بە 964ـی راگەیاند، سوێندخواردنەکە لە کاتژمێر 12ـی نیوەڕۆ بەڕێوەدەچێت و ئەمجارەیان پرۆسەی سوێندخواردنەکە جیاوازە و دادوەر ناچێتە ناو ئەنجومەن، بەڵکو دەبێت ئەندامانی هەڵبژێردراوی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوک خۆیان بچنە دادگا و سوێندی یاسایی بخۆن.
لە دوای پەسەندکردنی ناوەکان، دەبێت پارێزگاری بەوەکالەت لە ماوەی 15 رۆژدا بانگەواز بۆ کۆبوونەوەی ئەنجومەن بکات، بەڵام ئەگەر نەیکرد لە رۆژی 16ەیەم کۆبوونەوەکە ئەنجامدەدرێت.
ئەوەش لە کاتێکدایە تا ئێستا پارێزگاری کەرکوک بانگەوازی بۆ کۆبوونەوە نەکردووە، هەروەها پێکهاتەکانی کورد، عەرەب و تورکمان چاویان لە پۆستی پارێزگارە و دەڵێن بە مافی خۆیانی دەزانن.
رۆژی 18ـی کانوونی یەکەمی 2023 هەڵبژادنی ئەنجومەنی پارێزگاکانی عێراق بەڕێوەچوو، لەدوای زیاتر لە مانگێک کۆمیسیۆنى باڵاى سەربەخۆى ھەڵبژاردنەکانى عێراق ئەنجامى کۆتایی هەڵبژاردنەکەی پەسەند کرد.