بەڕێوەبەرایەتی پەروەردەی پێنجوێن - وێنە: 964
ئەگەر دەوام بکرێتەوە هەر ئەوان وەریدەگرنەوە
پارەی خاوەن حانوتەکانی سنووری قەزای پێنجوێن گەڕێندرایەوە
کامیار کەمال – پێنجوێن
بەڕێوەبەرایەتیی پەروەردەی قەزای پێنجوێن، ئەو پارەیەی بۆ خاوەن حانوتەکان گێڕایەوە کە لە بەرامبەر پێدانی حانوتی قوتابخانەکان لە زیادکردنێکی ئاشکرادا پێیان درابوو.
ئەسعەد جەعفەر بەڕێوەبەری پەروەردەی قەزای پێنجوێن بە 964ـی راگەیاند، سەرجەم ئەو پارەیەی خاوەن حانوتەکان، کە لایان بووە گەڕاندوویانەتەوە بۆ خاوەنەکانیان.
باسی لەوەش کرد، 13 حانوتیان لە زیادکردنی ئاشکرادا داوە بە هاوڵاتیان کە 12 حانوتیان لە سەنتەری قەزای پێنجوێنن و لە ناحیەی گەرمکیش حانوتێک وەرگیراوە و پارەی سەرجەمیان بە تەواوەتی گەڕێندراوەتەوە، کە نزیکەی 50 ملیۆن دینار بووە
ئەوەشی خستەڕوو، لە کاتی دەستپێکردنەوەی دەوامی قوتابخانەکان ئەوا حانوتەکان دەدرێتەوە بەو کەسانەی کە پێشتر لە زیادکردنی ئاشکرادا حانوتیان بۆ دەرچووە و زیادکردنی ئاشکرا ئەنجام نادرێتەوە، بەڵام ئەو کات لە لایەن وەزارەتی پەروەردەوە رێنماییان بۆ دەردەچێت و بە پێی ئەو رێنماییانە کاریان لەگەڵدا دەکرێت.
گەشتیار لوقمان، یەکێک لەو کەسانەی کە حانوتی قوتابخانەی وەرگرتووە بە 964ـی وت، لە سێ قوتابخانە حانوتی وەرگرتووە، کە یەکێکیان بە دوو ملیۆن و 300 هەزار دینار بووە و یەکێکیان چوار ملیۆن و 500 دینار بووە و سێیەمیشیان چوار ملیۆن 300 هەزار دینار بووە و سەرجەم ئەو پارانەی کە لە زیادکردنی ئاشکرادا بە حانووتەکەی داوە بۆی گەڕێندراوەتەوە.
وتیشی، یاسای زیادکردنی ئاشکرا بەو شێوەیە بووە، کە هەرکەس لەوانەی دەچنە ناو پێشبڕکێکەوە دەبێت 100 هەزار دینار بدەن و ئەوەت بۆ ناگەڕێندرێتەوە، بەڵام سەبارەت ئەو بڕە پارەی دراوە بە حانوتەکە، سەرجەمی گەڕێندراوەتەوە بۆ هەموو خاوەن حانوتەکان.
پێداچوونەوە: توانا نەقی