لە سلێمانی

مۆزەخانەیەکی تایبەت بە مێژووی پۆلیس دادەمەزرێندرێت

پێشەوا محەمەد

لە شاری سلێمانی ئامادەکاری دەکرێت بۆ دامەزراندنی مۆزەخانەیەکی تایبەت بە پۆلیسی سلێمانی، کە تیایدا ئەرشیفی پۆلیسی سلێمانی لە سەرەتاوە تا ئێستای تێدا کۆدەکرێتەوە.

مۆزەخانەکە ئێستا لە قۆناغی راوێژ و دابینکردنی شوێندایە و بەڕێوەبەرایەتیی رۆشنبیریی سلێمانی هاوکاری پۆلیسی سلێمانی دەکات بۆ ئەو کارە.

موحسین ئەدیب، بەڕێوەبەری رۆشنبیریی سلێمانی بە 964ـی راگەیاند، پڕۆژەکەیان لای ئەوان باس کردووە و داوای هاوکارییان کردووە، ئەوانیش دیراسەی پڕۆژەکە دەکەن و وەڵامیان دەدەنەوە.

ئەمڕۆ یەکشەممە 28.1.2024 شاندێکی پۆلیسی کۆمەڵگەیی سلێمانی سەردانی بەڕێوەبەرایەتیی رۆشنبیریی سلێمانییان کرد.

بەڕێوەبەری رۆشنبیریی سلێمانی وتیشی، “ئێمە دەتوانین لە رووی هونەرییەوە هاوکاریان بین و تەکنیکە سەردەمییەکانی مۆزەخانەیان پێ بناسێنین و لەگەڵ مەرجەکانی، هەروەها دەتوانین لە دابینکردنی شوێنیشدا یارمەتییان بدەین”.

وا بڕیارە دوای تەواوکردنی رێکارە هونەرییەکان و ئامادەکردنی، مۆزەخانەکە بە رووی هاوڵاتیاندا بکرێتەوە.