وێستگەکان کاریان پێدەکرێتەوە

وەزارەتی کارەبا: تا کاتژمێر 10ی بەیانی رەوشی کارەبا ئاسایی دەبێتەوە

فەهمی نەبی

وەزارەتی کارەبا رایگەیاند، بەرهەمهێنانی غاز لەكۆرمۆر دەستی بەهەناردەكردن كردەوە بۆ وێستگەكانی كارەبا و پرۆسەی ئیشپێكردنی یەكەكانی وێستگە غازییەكانی كارەبا تا کاتژمێر 10ی بەیانی دەخایەنێت.

لە راگەیەنراوەکەی وەزارەتی کارەبا ئەوەش هاتووە، دوای هەوڵ و کۆششێکی زۆر توانرا گرفتی بەرهەمهێنانی غاز لە كێڵگەی كۆرمۆر چارەسەر بكرێت.

وەزارەتی كارەبا دەڵێت، لەرێگەی سەنتەری كۆنترۆڵی كارەبای هەرێمەوە سەرقاڵی ئاسایكردنەوەی دۆخەکەن و قۆناغی ئیشپێکردنی یەکەکانی وێستگە غازیەکانی کارەبا دەستیپێکردوەتەوە.

کاتژمێر 10:15ی ئەمشەو 964 لەرێگەی سەرچاوەیەکی وێستگەی غازی کارەبای هەولێر ئەوەی پێگەیشت کە تا ئەم کاتە دەست بە کارکردنی وێستگەکانی بەرهەمهێنانی کارەبا نەکراوەتەوە.

کاتژمێر 10:22ی دوێنێ شەو بە درۆنێک هێرش کرایە سەر کێڵگەی غازی کۆرمۆر لە ناحیەی قادر کەرەم و بەهۆیەوە بەرهەمهێنانی 2800 مێگاوات کارەبا وەستا، لە وێستگەی کارەبای غازی هەولێر بۆئەوەی مەحەتەکان دووچاری Total Shut Down نەبن بەپەلە یەک بەدوای یەک وەحدەکانیان کوژاندوەتەوە.