مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان
مەسرور بارزانى بۆ وڵاتان
بە لێدوان و شەرمەزارکردن کۆتایى بە هێرشەکانى سەر هەرێم نایەت
964+
وریا فەتاح
سەرۆکى حکومەتى هەرێم راگەیەنراوێکى لەسەر هێرشەکانى سەر هەرێمى کوردستان بڵاوکردەوە و دەڵێت: خەڵکی هەرێمی کوردستان، ئیرادەیان زۆر لەوە بەهێزترە کە بە پیلان و ستەمکاری بشکێن.
لە راگەیەنراوەکەیدا، بەبێ ناوهێنانى هێرشەکەى شەوى رابردووى سەر کێڵگەى غازى کۆرمۆر، مەسرور بارزانى سەرۆکى حکومەتى هەرێم دەڵێت: ئەو هێرش و پەلامارە هەمەجۆرانەی دەکرێنە سەر هەرێمی کوردستان، هەوڵی دوژمن و نەیار و خائینانە بۆ نەهێشتنی قەوارەی هەرێم و پێیان وایە بەم هێرش و فشارە بەردەوامانە، کوردستان هەرەس دەهێنێت.
دەشڵێت: خەڵکی تێکۆشەر و نیشتمانپەروەر و حکومەتی هەرێمی کوردستان، ئیرادەیان زۆر لەوە بەهێزترە کە بە پیلان و ستەمکاری بشکێن، بەڵکوو ورەمان بەهێزتر دەبێت و لە ئەنجامدا، تەنیا شکست و ڕووڕەشی بۆ دوژمن وخائینان دەمێنێتەوە.
سەرۆکى حکومەتى هەرێم، ستایشى هەڵوێستى وڵاتانى دۆستى هەرێم دەکات کە بەردەوام ئەو هێرشانەیان شەرمەزار کردووە، بەڵام وەک دەڵێت: بە لێدوان و شەرمەزارکردن، کۆتایی بەم پیلان و هێرشە ناڕەوایانە نایەت و ڕێگری لە دووبارەبوونەوەیان ناکات.
“گرنگە هەنگاوی کرداری لە لایەن حکومەتی عێراقەوە بنرێت بۆ کۆتاییهێنان بە مەترسیی ئەم گرووپە لەیاسادەرچووانە و دەبێ ئاسایشی هەموو عێراق، بە هەرێمی کوردستانیشەوە بپارێزێت”، مەسرور بارزانى وا دەڵێت..
داواش لە وڵاتان دەکات، رێکاری جدی بگرنەبەر و هاوکاری مەیدانییان بکەن، بۆ ئەوەی ئاسایشی خەڵکى هەرێم و ئاسایشی ئابووری و سەقامگیری سیاسی لە هەرێمی کوردستان پارێزراو بێت.
لەبارەى هەڵوێستى خەڵکى هەرێمى کوردستانیشەوە، مەسرور بارزانى ئاماژەى بەوەکردووە، بە خۆڕاگری و ورەیەکی بەرزەوە، رووبەڕووی ئەو پیلانانە ببنەوە و هەستی نیشتمانپەروەرییان هەر بەهێز بێت و رێگە بە خۆفروش و خاکفرۆش و کۆیلەی ناحەزان نەدەن، کوردستان و خەبات و دەستکەوتەکانی، بکەنە قوربانی ترسنۆکی و تەماعی و بێویژدانیی خۆیان.