پارەی عێراقی جۆری 25 هەزار دیناری _ وێنە: 964
ساڵی رابردوو
زیاتر لە هەزار و 500 کەسی قوربانی دەستی بەعس قەرەبوو کراونەتەوە
964+
پێشەوا محەمەد
لە ساڵی رابردوودا بە چەند قۆناغێک زیاتر لە هەزار و 500 کەسی قوربانی دەستی رژێمی بەعسی پێشوو قەرەبوو کراونەتەوە و هەزار و 300 کەسیان لە هەرێم قەرەبووەکەیان پێدراوە.
ئەو کەسانەی قەرەبووکردنەوە دەیانگرێتەوە، دەبێت موڵکەکە لەنێوان ساڵانی 1986 تاوەکو 1991 دەستی بەسەردا گیرابێت.
کۆی ئەو پارەیەی وەک قەرەبوو بەو کەسانە دراوە نزیکەی شەش ملیار دینار بووە، جگە لەوانەی قەرەبووەکەیان راستەوخۆ لە بەغدا وەرگرتووە.
تارا ئەنوەر قەرەداغی، بەڕێوەبەری گشتی دەستەی داواکانی موڵکداری لە هەرێمی کوردستان بە 964ـی وت، “لیژنەیەک لە دەستەکەیان بەدواداچوون بۆ دۆسییەکان دەکات و ئەوان شێواز و بڕی قەرەبووەکە دیاری دەکەن”.
دەستەکە لە ساڵی 2003ـەوە دامەزراوە و 15 هەزار و 808 داواکاریی قەرەبووکردنەوەیان بۆ هاتووە، نزیکەی سێ هەزار کەیسیش قەرەبوو کراونەتەوە.
تارا قەرەداغی وتیشی، “بۆ ساڵی 2024ـیش بەردەوام دەبن و لیژنەکە چەند دۆسییەی یەکلایی کردەوە بە لیستێک دەنێردرێن بۆ بەغدا و کەی بوودجەکەیان بۆ هات بەسەریاندا دابەش دەکرێت”.