شه‌ش سه‌د کیلۆ گۆشتی هیندی لە بەردەڕەش دەستی بەسەردا گیردرا

میدیازان – زەید کۆچەر – بەردەڕەش

ساتی لەناوبردنی گۆشتەکە – میدیازان

لیژنەی ئابووری قایماقمیەتی قەزای بەردەڕەش، ٦٠٠ کیلۆ گۆشتی سووری هیندی دەستبەسەردا گرت کە ساڵانێکە لەهەرێمی کوردستان قەدەغە کراوە.

ئەمڕۆ پێنج شەممە ١٣ـی تشرینی یەکەم، لیژنەی ئابووری قایمقامیەتی بەردەڕەش، لە هەڵمەتێکی گەڕان و پشکنین دەستیان بەسەر ٦٠٠ کیلۆ گۆشتی سووری بەرهەمی وڵاتی هیندستان گرت.

حیکمەت مەولود، سەرۆکی لیژنەی ئابووری لە قایمقامیەتی قەزای بەردەڕەش بە میدیازانی راگەیاند، ئەو بڕە گۆشتە لە چوار دوکانی ناو بەردەڕەش، دوکانێکی ناحیەی روڤیا کە سەر بە بەردەڕشە، لەگەڵ چوار دوکانی تری دەوروبەری بەردەڕەش، دەستیان بەسەردا گیراوە.

زیاتر روونی کردەوە، ئەو کەسەی گۆشتەکەی هێناوەتە بازاڕەکانی بەردەڕەش، لە شاری موسڵ هێناویەتی، لەسەر ئەمەش بە بڕیاری دادوەر دەستگیر کراوەو رادەستی ئاسایش کراوە.

لە سێی حوزەیرانی ٢٠١٨، وەزارەتی کشتوکاڵ، لە راگەیەنراوێکدا قەدەغەکردنی هاوردەکردنی گۆشتی سووری هیندە راگەیاند، ئەو بڕیارەش تا ئێستا لە جێبەجێکردن دایەو هیچ گۆرانکارییەکی بەسەردا نەهاتووە.

حیکمەت مەولود، زیاتر وتیشی “٣٠ کارتۆن گۆشت بوو، کە هەر کارتۆنێکی ٢٠ کیلۆیەو دەکاتە ٦٠٠ کیلۆ، لەسەر بڕیاری دادوەر، لەلایەن تیمێکەوە گۆشتەکە سووتێنراوەو ئەو کەسەشی گۆشتەکەشی هێنابووە بازارەکانی بەردەرەش دەستگیر کراوە”.