ریسایکلینی ئاو و بەرهەمهێنانی کارەبا
دوو ئەندازیار دەیانەوێت ژیانی زاخۆییەکان بگۆڕن
964+
شڤان عەبدوڵا – زاخۆ
دوو ئەندازیاری شارەوانی له زاخۆ، پرٍۆژەیەکیان پێشکەشی ئیدارەی زاخۆ كردووه دەکەن، پرۆژه‌كانیش بۆ ریسایكلینی ئاو و به‌رهه‌مهێنانی كاره‌بایه.
ماوەی هەشت مانگە سەوسەن محەمەد و مەسعود موشیر، کە دوو ئەندازیاری زاخۆن سەرقاڵی دوو پرۆژەی گرنگن، ئەوانیش ریسایکلینی ئاوی ئاوەڕۆکان و بەرهەمهێنانی کارەبا لە وزەی خۆرەوە بۆ فەرمانگە حکومییەکانی زاخۆ.
ئەوان لە ماوەی هەشت مانگی توێژینه‌وه و بەدواداچوونیان بۆ سەرجەم فەرمانگە حکومییەکانی زاخۆ کردووە، تا بزانن چەند کارەبا به‌كار ده‌هێنن، هه‌روه‌ها لە کاتی جێبەجێکردنی پڕۆژەکە دەتوانن چەند فشار لەسەر کارەبای نیشتمانی کەم بکەنه‌وه.
سەبارەت بە ریسایکلینی ئاوی ئاوەڕۆکانیش، دوو ئەندازیارەکە دیاری‌یان کردووه، دەتوانن 100% سوود لە ئاوی پیسی ئاوەڕۆکان وەربگرن و لە پڕۆژەكه‌دا حکومەت ساڵانە 23 ملیار دینار قازانج بکات بە دووبارە فرۆشتنەوەی ئاوەكه بە هاوڵاتیان.
سەوسەن محەمەد، ئەندازیار و توێژه‌ری پرۆژەكه، بە 964ی وت: “زیاتر لە 500 بیری ئیرتیوازی لە زاخۆ هەن، کە لێدانی هەر بیرێكی ئیرتیوازی دەبێته هۆی وشکبوونەوەی کانیه‌كی ئاو، به‌ڵام بەم هەنگاوەی ئێمه دەتوانین دووبارە ئاوی ژێرزەوی زیاد بکەین و سوود لە ریسایکلینی ئاوی ئاوەڕۆکان وه‌ربگرین”.
مەسعود موشیر، ئەندازیار و توێژه‌ر، بۆ 964 وتی: “ته‌نیا شارەوانی دەکەمە نموونە، کە هەموو ساڵێک 130 ملیون دینار تێچووی کارەباکەیەتی، ئەگەر پڕۆژەکەمان جێبەجێ بکرێت، ئەوا شارەوانی پێویستی بە کارەبای نیشتمانی نابێت و لەهەمان کاتدا کارەبا بە حکومەتیش دەدات”.
“زاخۆ خاوەن جوگرافیایه‌كی لەبارە بۆ ئەم پرۆژەیە، بۆیە با شارەکەمان سوود لە سەرچاوە سروشتی و ماددییەکان وەربگرێت، بۆ ئەوەی حکومەت و هاوڵاتیان سوود له پرٍۆژه‌كه وه‌ربگرن”، مه‌سعود موشیر وای وت.
له لای خۆیه‌وه هێژا محەمەد، جێگری سەرپەرشتیاری ئیدارەی زاخۆ بە 964ی وت، “راستییه‌كه‌ی پڕۆژەكه نموونەییه، بۆیه دیراسەی ده‌كه‌ین و دواتر ئەگەر زانیمان لە توانای ئێمەدایە جێبه‌جێ بكه‌ین، بە دڵنیاییەوە ئه‌نجامی ده‌ده‌ین و پشتگیریی ئەوان و هەموو گەنجانی دیكه دەکەین، كه ئەگەر خاوەن پڕۆژەن با ئێمە ئاگادار بکەنه‌وه.
به پێی زانیارییه‌كانی 964، زاخۆ ئاوه‌ڕۆی زۆری هه‌یه و دەڕژێنە ناو ئاوی خابووره‌وه، هه‌روه‌ها فەرمانگەکانی زاخۆش کارەبای زۆر به‌كار ده‌هێنن.
پێداچوونه‌وه: ئه‌رسه‌لان عه‌بدوڵا