لە پەرویزخان و باشماخ بێ ڤیزا سەردانی ئێران بکە

لە حاجی ئۆمەران هێشتا جێبەجێ نەکراوە

مەرزی حاجی ئۆمەران – وێنە/ رادیۆ نەوا

بەدواداچوونی میدیازان

کۆماری ئیسلامی ئێران، مەرجی ڤیزای لەسەر گەشتیارانی عێراق و هەرێمی کوردستان هەڵدەگرێت، لەمەرزەکانی پەروێزخان‌و باشماخ جێبەجێکراوە، بەڵام هێشتا لەحاجی ئۆمەران نەچوەتە بواری جێبەجێ کردنەوە.

بڕیارەکەی ئێران لە ١٧ـی ئەم مانگەوە چووەتە بواری جێبەجێکردن، بەپێی بەدواداچوونی میدیازانیش، هێشتا بڕیارەکە لەمەرزی حاجی ئۆمەران جێبەجێ نەکراوە.

عەباس ئیسماعیل، بەڕێوەبەری مەرزی پەروێزخان بە میدیازانی راگەیاند، لای ئەوان بڕیارەکە چووەتە بواری جێبەجێکردنەوەو ئێوارەی دوێنێ دوو هاوڵاتی هەرێمی کوردستان بێ ڤیزا گەشتی ئێرانیان کردووە.

زیاتر روونی کردەوە کە بڕیارەکە ئەو تانکەرانەش دەگرێتەوە کە لە ڕێگەی مەرزی پەروێزخانەوە پاشماوەی نەوت بۆ وڵاتی ئێران‌ دەگوازنەوە.

مەرزی پەروێزخان، بەناوی گوندی پەرێزخانەوە کراوە کە گوندێکی سنوورییەو سەر بە ناحیەی قۆرەتووی سەر بە قەزای خانەقین، ئیدارەی گەرمیان بەشاری کرماشانەوە دەبەستێتەوە.

لای خۆیەوە مەریوان کەریم، بەرپرسی هۆبەی راگەیاندن و پەیوەندییەکان لە مەرزی باشماخ بە میدیازانی راگەیاند، بڕیارەکە لە مەرزی باشماخ جێبەجێ کراوەو لە دوێنێوە خەڵک بێ ڤیزا سەردانی ئێران دەکەن.

زیاتر وتی “رۆژانە سەرووی دوو هەزار گەشتیار لەڕێگەی مەرزی باشماخ سەردانی ئێران دەکەن”.

مەرزی باشماخ، دەکەوێتە سنووری قەزای پێنجوێنی سەر بە پارێزگای سلێمانی، یەکێکە لەو مەرزانەی هەر لەدوای راپەڕینەوە بوونی هەبووە، بەڵام لەدوای ساڵی ٢٠٠٣، بووەتە مەرزێکی فەرمی و نێودەوڵەتی، پێنجوێن بەشاری مەریوانەوە دەبەستێتەوە.

پێشتر هەر گەشتیارێک سەردانی کۆماری ئیسلامی ئێرانی بکردایە، مەرج بوو ڤیزا لەکونسوڵخانەی ئەو وڵاتە لە هەولێر یان سلێمانی وەرگرێت.

نرخی ڤیزای چوون بۆ ئێران لە کونسڵخانە تەنیا سێ هەزار دینارە، بەڵام ئەگەر لەرێگەی نووسینگەکانەوە ڤیزا ببڕیت ئەو نرخەکەی دەبێتە پێنج هەزار دینار.

دوای هەڵگرتنی ڤیزا، گەشتیار بۆ ئەوەی سەردانی ئێران بکات پێویستە کارتی ڤاکسین و پاسپۆرتی لەلا بێت، لە مەرزەکانی هەرێمی کوردستان لەگەڵ ئێران، مۆری دەرچوون لە پاسپۆرتەکەی دەدرێت و لەمەرزەکانی ئێرانیش مۆری چوونە ژوورەوە وەردەگرێت.

سیروان بەرزنجی، وتەبێژی مەرزی حاجی ئۆمەران بە میدیازانی راگەیاند، راستە بڕیارەکە دەرچووە بەڵام هێشتا لەمەرزی حاجی ئۆمەران جێبەجێ نەکراوە.

وتی “تا ئەمڕۆ سێشەممە ١٨ـی تشرینی یەکەم، هاوڵاتیان لەڕێگەی ڤیزەوە سەردانی ئێرانیان کردووە”.

مەرزی حاجی ئۆمەران دەکەوێتە سنووری ناحیەی حاجی ئۆمەرانی سەر بە قەزای چۆمان، لە پارێزگای هەولێر، چۆمان بەشاری خانێی رۆژهەڵاتەوە دەبەستێتەوەو یەکێکی ترە لەو سێ مەرزەی نێوان کوردستان و ئێران کە هەر لەدوای راپەڕینەوە بوونی هەبووە، بەڵام هاوشێوەی باشماخ دوای ٢٠٠٣ کران بە مەرزی فەرمی.

مەریوان کەریم، بۆ میدیازان ئاشکرای کرد لە سەرەتای ئەمساڵەوە تا مانگی ئەیلول، زیاتر لە ٦٠٠ هەزار گەشتیار لەمەرزی باشماخ سەردانی ئێرانیان کردووە.

هاوکات لە مەرزی پەرویزخانیش، رۆژانە نزیکەی ٢٠٠ کەس لە هەرێمی کورستان سەردانی ئێران دەکەن، هەمان ژمارەش بە نزیکەیی هاوڵاتیانی ئێرانی لەو مەرزەوە سەردانی کوردستان دەکەن.

لەبارەی ئاماری سەردانیکەرانی خەڵکی کوردستان لە مەرزی حاجی ئۆمەران بۆ ئێران، سیروان بەرزنجی، وتەبێژی مەرزەکە دەڵێ، ناتوانین ئامار بدەین.