عەلی دایی رەتیدەکاتەوە لە ئێران بڕوات

964+
هێرۆ مه‌ولودی – هه‌ولێر

عەلی دایی، یاریزانی بەناوبانگی تۆپی پێی ئیران، رەتیکردەوە لە وڵاتەکەی بچێتە دەرەوە، کاتێک راوێژکارێکی سەربازی داوای کردبوو رێگە لەو یاریزانە نەگیرێت بۆ ئەوەی بڕوات.

عه‌لی دایی، كه‌ كه‌سایه‌تییه‌كی دیاری وه‌رزشی ئێرانه‌، لەگەڵ سەرهەڵدانی خۆپێشاندانه‌كانی ئه‌مدواییه‌ی ئێران به‌ هۆی كوشتنی ژینا ئه‌مینی، راستەوخۆ چووە ریزی خۆپێشانده‌ران و تا ئێستا چه‌ندان لێدوان و كاردانه‌وه‌ی هه‌بووه‌.

عەلی دایی لە هەژماری ئینستاگرامی خۆی وەڵامی ئەمیر حوسێن حاجی نەسیری، راوێژکاری سوپای پاسدارانی ئێرانی دایه‌وه‌، كه‌ لە کەناڵی ئۆفوق وتبووی، “باشتر وایە کەسانی وەک عەلی دایی رێگرییان لێنەکرێت بۆ چوونه‌ده‌ره‌وه‌ له‌ ئێران و دەربکرێن، بۆ ئەوەی وڵات خاوێن بکرێتەوە”.

عەلی دایی لە بەرامبەردا دەڵێت، “کەسێک لەم وڵاتە دەڕواتە ده‌ره‌وه‌، کە بۆی هاتبێت، بنج و بناوانی ئێمە لە خاکی ئێران گەشەی کردووە”.

هه‌روه‌ها به‌ تانه‌وه‌ نووسیویه‌تی، “خەڵکی شارێک کە هەموویان دەشەلن، کاتێ کەسێک دەبینن ناشەلێ و جوان دەڕوا، گاڵتەی پێدەکەن”.

پێشتر دەسەڵاتی دادوەری له‌ ئێران بڕیاری داخستنی چه‌ند كارێكی بازرگانیی ئەو یاریزانەی راگەیاندبوو، ئه‌مه‌ش بەهۆی پشتیوانی یاریزانه‌كه‌ لە ناڕەزایەتییە جەماوەرییەکانی وڵاته‌كه‌‌ی.

عه‌‌لی دایی یه‌كێكه‌ له‌ ناودارترین یاریزانانی تۆپی پێی مێژووی ئێران، تا مانگی ئەیلولی ساڵی رابردووش، بە تۆمارکردنی ١٠٩ گۆڵ، گۆڵکاری مێژووی تۆپی پێی جیهان بوو، بەڵام دواتر کریستیانۆ رۆناڵدۆی پۆرتوگالی ژمارە پێوانەییه‌كه‌ی دایی شکاند