بەشێکیشیان لە بەغدان
بەشێک لە مامۆستایانی ناڕازی لە بەیانییەوە لە ئاسایش راگیراون
+964
دیلان محەمەد جەزا
ئەمڕۆ مامۆستایانی ناڕازی دابەشبوون بەسەر سێ جێگای جیاوازدا، بەشێکیان سەردانی بەغدادیان کردوە، بەشێکیان لە ئاسایشی سلێمانین و بەشێکیان لە ماڵەوەن.
دڵشاد میرانی نوێنەری مامۆستایانی ناڕازی بە 964ـی وت، کۆمەڵێک لە مامۆستایان لە بەغدادن بۆ چەند بابەتێک تایبەت بە دۆخ و گوزەرانی مامۆستایان.
باسی لەوەکرد، لە کاتژمێر 10 بەیانی ئەمڕۆوە ژمارەیەک لە مامۆستایانی ناڕازی بانگهێشتی ئاسایشی سلێمانی کراون بە مەبەستی وتوێژ، بڕیارە ئێوارەی ئەمڕۆ بێنە دەرەوە.
تا ئامادەکردنی ئەم هەواڵە ئەو مامۆستایانەی بانگهێشتی ئاسایشی سلێمانی کراون دەنگیان نییە، 964 لە زاری سەرچاوەیەکەوە زانیویەتی ئەو مامۆستایانە دەستگیر نەکراون تەنیا لە وتوێژدان بۆ گەیشتن بە چارەسەرێک.
شنە عەلی یەکێک لە نوێنەرانی مامۆستایانی ناڕازی بە 964 وت، پەیوەندیان پێوە کراوە لە پێشتردا سەردانی ئاسایشی سلێمانی بکەن، بەڵام نەچوە و مامۆستا ژنەکانی هاوڕێی ئاگادار کردووەتەو نەچن.
لەبارەی دەستگیرکردنی مامۆستایانەوە پەیوەندیمان کرد بە ئاسایشی سلێمانیەوە ئەوان هیچ لێدوانێکیان نەبو لەسەر ئەو بابەتە.
پێداچوونەوە: توانا نەقی