دیمهنی یهكێك له خۆپیشاندانهكانى مامۆستایانى ناڕازى لهههرێمی كوردستاندا ... وێنه: سۆشیال میدیا
پەیامی نوێیان هەیە
مامۆستایانی ناڕازی و وانەبێژان ئەمڕۆ دیسان گرد دەبنەوە
964+
توانا نەقی
دوای ئەوەی وەزارەتی پەروەردە نوسراوێکی بڵاوکردەوە و باسی رەزامەندی دامەزراندنی وانەبێژان و پلەبەرزکردنەوەی کرد، ئەمڕۆ جارێکی دیکە خۆپیشاندانی مامۆستایانی ناڕازی و وانەبێژان لە تەواوی سنووی پارێزگای سلێمانی بەڕێوەدەچێت.
مامۆستایانی ناڕازی دەڵێن، “دراوینەتە دەست قەدەر و بەردەوام دەبین لە بایکۆتکردنی هۆڵەکانی خوێندن”.
عوسمان گوڵپی نوێنەری مامۆستایانی ناڕازی لە سلێمانی بە 964ـی وت، ئەمڕۆ کاتژمێر 10:00 جارێکی تر وانەبێژان، فەرمانبەران و مامۆستایانی میلاک لەبەردەم پەروەردەی سلێمانی خۆپیشاندان دەکەن و سوورن لەسەر داواکارییەکانیان.
وتیشی، ئەو نوسراوەی وەزارەتی پەروەردە دەریکردووە بە هەموو شێوەیەک رەتی دەکەنەوە و چونکە ئەوە بڕیار نییە تەنیا رەزامەندییە و بەستراوەتەوە بە بەهمواری یاسای بودجە کێ ئەڵێت ئەو هەموارە دەکرێت یان بە دڵی هەرێم دەبێت.
داواکاری سەرەکییان ئەوەیە دابمەزرێن، مامۆستایانی میلاکیش دەڵێن پلە بەرزکردنەوەیان بۆ بکرێت موچەیان رێکبخرێتەوە و 30 رۆژ جارێک دابەشبکرێت هەروەها فەرمانبەران و مامۆستایانیش دەڵێن با موچەکانیان بخرێتە سەر بەغدا.
ئەو نوێنەرەی مامۆستایانی ناڕازی دەڵێت، دەبوو بڕیارەکە لەلایەن ئەنجومەنی وەزیرانەوە دەربکرایە نەک وەزارەت، هەروەها ئەوەی تیادا بوایە کە 30 رۆژ جارێک موچە دابەشبکرێت و مامۆستایانی وانەبێژیش نەک بە گرێبەست بەڵکو بکرانایە بە هەمیشەیی.
عوسمان گوڵپی ئاماژەی بەوەکرد، ئەمڕۆ جارێکی دیکە پەیامی ئەوەیان دەبێت کە درێژە بە بایکۆت و نەچوونەوە بۆ هۆڵەکانی خوێندن دەدەن، چەنکە ئەو بڕیارانە تەنیا ئەوەیە دراونەتە دەست قەدەر و نازانن چارەنوسی داواکارییەکانیان چی لێدێت.
وەزارەتی پەروەردە: رەزامەندی دراوە بە گرێبەستکردنی وانەبێژان
ئەمە لە کاتێکدایە دوێنێ یەکشەممە 7.1.2024ـی لەلایەن ئالان حەمە سەعید، وەزیری پەروەردە واژۆ کراوە، لە ئەنجومەنی وەزیرانەوە رەزامەندی هەیە کە لەپاش هەموارکردنەوەی یاسای بودجە و ناردنی شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان، پلەبەرزکردنەوەی مامۆستایان و بەگرێبەستکردنی مامۆستایانی وانەبێژی دانەمەزراو دەستپێبکات.
لە سنووری پارێزگای سلێمانی بە قەزاو ناحیەکانیشییەوە لە دەستپێکی دەوامی ئەمساڵەوە تا ئێستا زۆرێک لە قوتابخانەکان دەرگاکانیان بە داخراوی ماوەتەوە و مامۆستایانیش دەڵێن، کردنەوەی دەرگای قوتابخانەکان بەندە بە جێبەجێکردنی داواکارییەکانیانەوە.