رێژه‌ى سه‌وزایی گه‌یشتووته‌ 11%

33 مین باخچه‌ له‌ ناحیه‌ى رزگارى دروست ده‌كرێت

964+

فه‌رهاد حه‌سه‌ن

له ‌ناحیه‌ى رزگارى سه‌ر به‌ ئیداره‌ى گه‌رمیان باخچه‌یه‌كی نوێ به‌ دارى جۆراوجۆر چێندرا و شاره‌وانیش ده‌ڵێت، رێژه‌ى سه‌وزایی ناحیه‌كه‌یان گه‌یشتووه‌ته‌ 11%.

باخچە نوێیه‌كه‌ لە گەڕەکی راپەڕینى ئه‌م ناحیەیه‌، کە به‌ رووبه‌رى دوو دۆنم زه‌وى داچێندراوه‌.

داره‌كانى وه‌ك ئه‌لبیزا، چناری هۆڵەندی و گوڵه‌كانى وه‌ك گوڵەباخ و جه‌هه‌ننه‌مى لێ چێندراون.

ئه‌رسه‌لان ئه‌حمه‌د، سه‌رۆكى شاره‌وانیى ناحیه‌ى رزگارى به‌ 964ـى وت، كارى داچاندنى ئه‌م باخچه‌ نوێیه‌ ته‌واو كراوه‌ و كه‌وتووه‌ته‌ سه‌نته‌رى ناحیه‌.

وتیشی “ئه‌و دار و گوڵانه‌ى له‌ باخچه‌كه‌دا چێندراون، له‌گه‌ڵ كه‌شوهه‌واى گه‌رمیان ده‌گونجێن و كێشه‌یان نابێت”.

له‌ رووبه‌رى هه‌ردوو دۆنمه‌كه‌ نزیكه‌ى 400 دار چێندراون.

به‌ قسه‌ى سه‌رۆكى شاره‌وانى، ساڵى رابردوو توانیویانه‌ 40 دۆنم زه‌وى له‌ ناحیه‌كه‌یان وه‌ك باخچه‌ و دوورگه‌ى ناوه‌ڕاست به‌ سه‌وزایی دابچێنن و وتیشی “ئێستا رێژه‌ى سه‌وزاییمان گه‌یاندووه‌ته‌وه‌ 11%”.

به‌پێی زانیارییه‌كانى 964 كه‌ له‌ شاره‌وانى وه‌ریگرتووه‌، له‌ سنوورى ناحیه‌ى رزگارى 33 باخچه‌ى جۆراوجۆر و دوو دوورگه‌ى ناوه‌ڕاست هه‌ن كه‌ یه‌كه‌میان درێژییه‌كه‌ى دوو كیلۆمه‌تر و پانییه‌كه‌ى 15 مه‌تره‌ دوورگه‌ى دووه‌میشیان درێژییه‌كه‌ى شه‌ش كیلۆمه‌تر و پانییه‌كه‌ى 15 مه‌تره‌.

رواندز بە دەم موزیکەوە

رواندز بە دەم موزیکەوە "چنار"ى چاند