کە لە زستاندا کەمتر ئاو دەخۆیتەوە چی بەسەر جەستەدا دێت؟

+964
موحسین عومەر

جەستەی مرۆڤ %70ی لە ئاو پێکدێت، هەر بۆیە پێویستە بە درێژایی ساڵ ئاو بخۆینەوە بۆ ئەوەی جەستەمان شێدار و تەندروست بێت.

بۆچوونێک هەیە پێیوایە مرۆڤ لە هاویناندا زیاتر پێویستی بە ئاوە وەک لە زستان، بەڵام بەپێی راپۆرتێکی Healthshotsی ئەمریکی رێک بە پێچاوەنەیە، لە زستاندا زیاتر پێویستیمان بە ئاوخواردنەوەیە.

لێرەدا باس لەو هۆکارانە دەکەین کە وات لێدەکات بە زستانانیش ئاو بخۆیتەوە:

– پاراستنی تەندروستی پێست: لە وەرزی زستاندا لەدەستدانی ئاو لە جەستەدا زیاد دەکات، بەهۆی وشکبوونەوەی هەوا کە لە ئەنجامی گەرمبوونی ناوماڵەوە دروست دەبێت، ئەمەش کاریگەری نەرێنی لەسەر تەندروستی پێست دەبێت.
هەر لەبەر ئەم هۆکارەش ​​خواردنەوەی ئاو زۆر پێویستە بۆ ئەوەی خانەکانی پێست چەور و شێدار بمێننەوە.

– زیادبوونی وزەی جەستە: کەمبوونەوەی ئاو لە جەستەدا دەبێتە هۆی هەستکردن بە ماندوێتی و تەمبەڵی، چونکە چالاکییەکانی جەستە خاو دەبنەوە و پێویستی بە سەرچاوەی وزەی زیادە هەیە.

– بەهێزکردنی سیستەمی بەرگری لەش: لە وەرزی زستاندا بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسەکان لە هەوادا زیاد دەکات، هەروەها کەمی ئاو لە جەستەدا بەرگری لەش لاواز دەکات، بەو پێیەی دەبێتە هۆی وشکبوونەوەی پەردەی چڵکدار کە سییەکان و ڕێڕەوی هەوا دادەپۆشن، بەم شێوەیە توانای جەستە بۆ بەرەنگاربوونەوەی هەوکردن کەم دەبێتەوە. هەر لەبەر ئەم هۆکارە خواردنەوەی ئاو توانای سیستەمی بەرگری بەرز دەکاتەوە.

– رێگری لە زیادبوونی کێشی لەش دەکات: لە وەرزی سەرمادا زۆرجار وشکبوونەوەی لەش لەگەڵ برسێتی تێکەڵ دەکرێت، ئەمەش دەبێتە هۆی زیادەڕۆیی لە خواردن. خواردنەوەی ئاو یارمەتیت دەدات ئارەزووی خواردنت کەم بکەیتەوە و توانای جەستەت باشتر بکات بۆ جیاکردنەوەی تینوێتی و برسێتی. هەروەها ئاو یارمەتی باشترکردنی کرداری هەرس دەدات.