"لایەنە سیاسییەکان گفتوگۆ دەکەن"
وادەیەکی نوێ بۆ هەڵبژاردنی کوردستان دیاری دەکرێت
964+
پێشەوا محەمەد
وادەیەکی نوێ بۆ هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان دیاری دەکرێت، ئەو بڕیارە ئەمڕۆ لە کۆبوونەوەی سەرۆکایەتیی هەرێم و کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق دراوە.
ئەمڕۆ سێشەممە 16.1.2023 وەفدێکی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق سەردانی هەرێمی کوردستانیان کردووە و باسی دیاریکردنی وادەیەکی نوێیان بۆ هەڵبژاردنی هەرێم کردووە.
پێشتر وا بڕیار بوو لە مانگی دووی ئەمساڵدا هەڵبژاردنەکە ئەنجام بدرێت، بەڵام کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق رایگەیاند، کە ئامادە نییە لەو وادەیەدا هەڵبژاردنەکەدا بەڕێوەبەرێت.
دڵشاد شەهاب، وتەبێژی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان ئەمڕۆ سێشەممە رایگەیاند، کۆمیسیۆنی عێراق هۆکارەکانی ئەنجامنەدانی هەڵبژاردنیان بۆ روونکردوونەتەوە لە وادەکەی پێشتردا و راشیانگەیاندووە، بە پێی ئەو ئەزموونەی کۆیان کردووەتەوە هەڵبژاردنێکی زۆر باش لە هەرێم بەڕێوەدەبەن.
ناوبراو باسی لەوەش کردووە، سەرۆکایەتیی هەرێم لەگەڵ لایەنە سیاسییەکان گفتوگۆ دەکات و وادەیەکی نوێ بۆ هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان دیاری دەکات.