"کەشوهوا گەڕانی پێ راگرتن"

ئەو کەسانەی بۆ سۆراغی شاخەوانەکان چوون گەڕانەوە


ئەحمەد مستەفا

ئەو تیمەی بە دوای چارەنووسی سێ ئەندامەکەی گرووپی کاویانی نەغەدەوە بوون، بەهۆی کڕێوە و سەرماوسۆڵەوە کۆتاییان بە گەڕان هێنا، بەبێ ئەوەی چارەنووسی شاخەوانەکانیان چنگ بکەوێت.

پێنج شاخەوانی گرووپی کاویانی نەغەدە لە پارێزگای ورمێی رۆژهەڵاتی کوردستان رۆژی پێنجشەممە، چوونە چیای رندۆڵەی شنۆ و لەوێ مانەوە، نیوەڕۆی هەینی لە کاتی گەڕانەوەدا کەوتنە بەر رەنووی بەفر و تا ئێستا چارەنووسی سێ کەسیان نادیارە.

موبین جیسمی و سەلام بەهمەنیار، ئەو دوو ئەندامە رزگارکراوەن کە تیمەکانی مانگی سوور بۆ بەشی فریاکەوتنی نەخۆشخانەی شنۆیان گواستوونەتەوە، بەڵام تائێستا چارەنووسی محەمەد روویان، موحسین عەزیزی و رەزا کاییش نادیارە.

تیمەکانی مانگی سوور لە رێگەی یەکێک لە ئەندامانی تیمی شاخەوانییەکە بە رووداوەکەیان زانی، دواتر تیمەکانیان، شاخەوانانی ناوچەکە و ژمارەیەک لە خەڵکی ناوچەکە کە شارەزای جوگرافی شاخەکانن، چوونە دامێنی چیای رەندۆڵە بۆ دۆزینەوەیان.

محەمەد حوسێنی، لە چیای رندۆڵەی شنۆ لە کورتە ڤیدیۆیەکدا کە ئەمڕۆ شەممە تۆماری کردووە دەڵێت، “بەداخەوە کەشوهەواکە بە حەدێک ناجۆرە، نەمانتوانیوە سۆراغی سێ شاخەوانەکەمان دەستبکەوێ، جگە لە ناوچەی رووداوە، بۆیە ناچار وا ئێستا دەگەرێینەوە تا دوو بۆ سێ رۆژی دیکە دەگەڕێینەوە”.

عەلی تورابی، قایمقامی شاری شنۆ، بەیانی ئەمڕۆ وتی، 15 گرووپی شاخەوانی، کە لە شارەکانی دیکەوە هاتوونەتە شنۆ، هەوڵ بۆ دۆزینەوەی سێ شاخەوانەکەی دیکە دەدەن، کەشوهەواش بە جۆرێکە ناتوانین سوود لە هاوکاری ئاسمانی وەربگرین.