نرخی نەوت - گرافیک: 964+
رووداوەکانى ناوچەکە هۆکارە
نرخى نەوت بەرزبووەوە
964+
وریا فەتاح
لەگەڵ هێرشى ئەمەریکا و هاوپەیمانەکانی بۆسەر چەکدارە حوسییەکانى یەمەن، نرخى نەوت بەردەوامە لە بەرزبوونەوە و ئەمڕۆش لە کاتى کردنەوەى بازاڕى جیهانیدا، نرخى نەوتى خاو بە رێژەى 1.14% بەرز بووەوە، کە دەکاتە 88 سەنت.
ئەمڕۆ شەممە، هەر بەرمیلێک نەوتی برێنت بە 78 دۆلار و 29 سەنت مامەڵەى پێوە دەکرێت، نەوتی سووکی تەکساسیش بەرزبوونەوەی بە رێژەی 0.92% تۆمارکردووە، هەر بەرمیلێکی بە 72 دۆلار و 68 سەنت مامەڵەى پێوە دەکرێت.
لەسەر بنەمای هەفتانە، نەوتى برێنت بە رێژەی 0.5% دابەزیوە، و خاوى تەکساس بە رێژەی 1.1% دابەزیوە.
رۆژی پێنجشەممەی رابردوو، ئێران دەستی بەسەر کەشتییەکی نەوتهەڵگردا گرتو کە نەوتی خاوی عێراقی هەڵگرتبوو و بەرەو تورکیا دەڕۆیشت لە کەنداوی عومان، دوێنێ هەینیش، ئەمەریکا و بەریتانیا و هاوپەیمانان، چەکدارە حوسییەکانیى یەمەنیان بۆردومان کرد.
وتەبێژی حوسییەکان دەڵێت: بەردەوام دەبن لە کردنەئامانجی هاتوچۆی کەشتییەکان، کە بەرەو ئیسرائیل دەڕۆن، بەپێى هەواڵى میدیا فەرمییەکانی ئێران، ئێران هۆشداریی داوە کە هێرش بۆ سەر حوسییەکان، مەترسى لەسەر ئاسایشى ناوچەکە زیاتر دەکات.
هەموو ئەمانە، کاریگەریى راستەوخۆیان لەسەر نرخى نەوت هەیە و پێدەچێت لە رۆژانى داهاتوودا نرخەکەى بگاتە خانەى 80 دۆلار.