سەربازێکی سوپای تورکیا لە یەکێک لە ناوچە سنوورییەکان. فۆتۆ: ئاژانسی ئەنادۆڵ
"جێی مەترسیە"
تورکیا بەکارهێنانی مۆبایلی زیرەکی لە ناوچەکانی ئۆپراسیۆنی هەرێم قەدەغە کرد
964+
ژووری هەواڵ
سوپای تورکیا رایگەیاند، بەکارهێنانی تەلەفۆنی زیرەک لە ناوچەکانی ئۆپراسیۆنە سەربازییەکان و سەرسنورەکان قەدەغەیە.
ئەمڕۆ پێنجشەممە 11.1.2024، وەزارەتی بەرگری تورکیا رایگەیاند، فەرمان دەرکراوە بۆ قەدەغەکردنی ئامێری تەلەفۆنی زیرەک و هەر جۆرە ئامێرێکی تەلەفۆن کە کامێرای پێوەبێت لە سەرباز و کادرە سەبازییەکان لە ناوچەکانی ئۆپراسیۆنە سەربازییەکان و سنورەکان.
وەزارەتی بەرگری ئاماژەی بەوەش کردووە، لە ئێستاوە دەستکراوە بە پێدانی زانیاریی بە سەرباز و کارمەندە سەبازیی و ئەمنییەکان، لەبارەی ئەو مەترسی و کاریگەرییە خراپانەی بەهۆی بەکارهێنانی ئەم ئامێرانەوە لەو ناوچانە دروستدەبن.
“هەر کەسێک پابەندی فەرمانەکە نەبێت و بەپێچەوانەی ئەم فەرمان و رێنماییانە مامەڵە بکات، سزای قورس دەدرێت”، وەزارەتی بەرگری تورکیا وا دەڵێت.