دهۆک 20 کەمپی لێیە

کۆچ و کۆچبەرانی دهۆک: داوامان نەکردووە کەمپی ئاوارەکان دابخرێت

964+
زەید کۆچەر – دهۆک

بەڕێوەبەری کۆچ و کۆچبەرانی دهۆک رەتیدەکاتەوە هەرێمی کوردستان داوای داخستنی کەمپی ئاوارەکانی کردبێت وەک وەزارەتی کۆچ و کۆچبەرانی عێراق رایگەیاندووە، بەڵام ئەگەر خۆیان بیانەوێت بە یەک رۆژ مامەلەکانیان ئامادە دەکەن.

پێشتر عەلی عەباس، گوتەبێژی وەزارەتی کۆچ و کۆچبەرانی عێراق راگەیاندبوو ، “حکومەتی هەرێمی کوردستان چەند جارێک داوای لە حکومەتی عێراق کردووە کەمپی ئاوارەکانی هەرێمی کوردستان دابخەن”.

پیر دەیان جەعفەر، بەڕێوەبەری کۆچ و کۆچبەرانی دهۆک بە 964ی وت، “ئێمە هیچ داوایەکی وامان نەکردووە، ئەوەی وەزارەتی کۆچ و کۆچبەرانی عێراق وتویەتی راست نییە و هەرێمی کوردستان زۆر لە هیچ ئاوارەیەک ناکات بۆ گەڕانەوە”.

وتیشی، “ئاوارەکانی هەرێم سەرپشکن بۆ گەڕانەوە و زۆریان لێ ناکرێت، بەڵام هەرکاتێک بیانەوێت بگەڕێنەوە زێدی خۆیان، ئێمە ئاسانکارییان بۆ دەکەین و لەیەک رۆژدا مامەڵەکەیان تەواو دەکرێت”.

ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق لە رێکەوتی 30/6/2023 بڕیاریدا گشت کەمپەکان دابخات بە هەرێمی کوردستانیشەوە، چەندین جار وەزارەتی کۆچ و کۆچبەران رایگەیاندووە لەگەڵ کۆتایی ساڵی 2023 هەموو کەمپەکان دابخرێت، بەڵام ئەم بەڵێنەی تا ئێستا پێ جێبەجێنەکراوە.

لە سنووری پارێزگای دهۆک 20 کەمپ هەیە ،337 هەزار ئاوارە و 110 هەزار پەنابەر تیایاندا دەژین، کە زۆرترین رێژەی ئاوارەکانی هەرێم پێک دەهێنن، جگە لەوەی 37 هەزار خێزانیش لەدەرەوەی کەمپەکاندا دەژین.

پێداچوونەوە: بەهرە محەمەد ئەمین