دوای 10 ساڵ هەردی سەلامی گەڕایەوە شانۆ

پەری ساڵح

گۆرانیبێژ و ئەکتەر هەردی سەلامی دوای 10 ساڵ دابڕان، دەبێتە پاڵەوانی شانۆیی حەوت چرکە و لەگەڵ پۆلیسیش کێشەی هەیە.

شانۆیی حەوت چرکە لە دەرهێنانی شوان کەریمە و بڕیارە 17.1.2024  لە هۆڵی رۆشنبیری سلێمانی دەست بە نمایش بکات، کە تێیدا هەردی سەلامی و چەند ئەکتەرێکی لاو رۆڵی تێدا دەبینن و باس لە چیرۆکێکی کۆمەڵایەتی دەکات.

لە رابردوودا بۆ ترێندی 964 هەردی سەلامی وتی، “من کاری سەرەکیم یان یەکەم هونەرم شانۆ بووە، بۆیە خۆم بە کەسێکی ئەو بوارە دەزانم و راستە ساڵانێکە دابراوم، بەڵام تاکە هونەرە کە بە تەواوی لە من نزیک بێت”

شوان کەریم دەرهێنەری شانۆیی بابلۆ بوو، کە یەکێک بوو لە شانۆییانەی دەنگدانەوەی گەورەی لەناو خەڵکدا هەبوو.