یارییەکە دواخرا
یارییەکەی زاخۆ و شوڕتە بە شەڕ کۆتایی هات
+964
شڤان عەبدوڵا – زاخۆ
یاریی نێوان هەردوو یانەی زاخۆ و شوڕتە لە خولی باسکەی عێراق، کە لە زاخۆ بەڕێوەچوو، بە هۆی شەڕ و ئاژاوە تەواو نەکرا و بێ ئەنجام مایەوە، یانەی زاخۆش دەڵێن بە ئەنقەست بووە.
شەڕەکە بەهۆی رەفتاری یاریزانێکی شوڕتەوە هەڵگیرسا، کە بووە توڕەبوونی هاندەرانی زاخۆ.
لە یارییەکە دا کە زاخۆ میوانداری شوڕتەی کردبوو، لە کوتا پێنج خولەکی دوو چارەگی دووەمدا یاریزانێکی یانەی شوڕتە دوای پێشخستنی تیمەکەی، چووە بەردەم هاندەرانی زاخۆ و بە رەفتارێک جەماوەری زاخۆی وەها تووڕە کرد، کە هێرشیان کردە سەری.
یارییەکە لە هوڵی باسکەی زاخۆ ئەنجامدرا و تەواویش نەکرا، چاوەڕێ دەکرێت فیدراسیۆنی باسکەی عێراق بڕیاری لەسەر بدات.
عەبدولستار عەلی، سەرپەرشتیاری تیمی باسکەی زاخۆ بە 964 وت، یانەی میوان مەبەستیان بوو شەڕ رووبدات، بۆ ئەوەی بە دووبارەکردنەوەی یارییەکە لە یاریگەی ئەوان، یان بە دۆڕاو هەژمارکردنی زاخۆ، ئەنجام لە بەرژەوەندی ئەوان بێت.
وتیشی “دەستەی کارگێریی یانە زاخۆ چاوەرێی بڕیاری فیدراسیۆنی باسکەن، بەڵام رێگە نادەن بە ئارەزووی خۆیان بڕیار بدەن، چونکە بەڵگەی ڤیدیۆییمان هەیە کە یاریزانەکەی شوڕتە هەڵسوکەوتی نەشیاوی بەرامبەر هاندەران نواندووە.
پێش روودانی شەڕەکە، یارییەکە گەیشتبووە چارەگی کۆتایی، شوڕتە 69 خاڵی هەبوو و بە جیاوازی 8 خاڵ لە پێش زاخۆوە بوو، کە 61 خاڵی هەبوو.
پێداچوونەوە: بەهرە محەمەدئەمین