![چێڵسی و مان سیتی له چوار رۆژ دوو جار به‌یه‌ك ده‌گه‌ن](https://ku.964media.com/storage/2023/01/mnacuiy-1024x538.jpg)
دیدارێکی پێشووی نێوان هەردوو یانە...فۆتۆ: سۆشیال میدیا
چێڵسی و مان سیتی له چوار رۆژ دوو جار به‌یه‌ك ده‌گه‌ن
964+
ئه‌رسه‌لان عه‌بدوڵڵا – هه‌ولێر
له یاریی لووتكه‌ی خولی نایابی ئینگلته‌را “پرێمه‌رلیگ” هه‌ردوو یانه‌ی چێڵسی و مانچێسته‌ر سیتی رووبه‌ڕووی یه‌كتر ده‌بنه‌وه، یه‌كشه‌ممه‌ی داهاتووش له جامی ئینگلته‌را دووباره به‌یه‌ك ده‌گه‌ن.
یارییه‌كه ئه‌مشه‌و “پێنجشه‌ممه 5ـی كانوونی دووه‌م” له گه‌ڕی 19ـی خوله‌كه له یاریگه‌ی ستامفۆرد برێچ له له‌نده‌ن، كه یاریگه‌ی چێڵسییه، كاتژمێر 23:00 به كاتی هه‌ولێر به‌ڕێوه‌ده‌چێت.
یانه‌ی مانچێسته‌ر سیتی، كه پاڵه‌وانی وه‌رزی رابردووه، ئێستا له پله‌ی دووه‌می ریزبه‌ندییه به 36 خاڵ له 16 یارییدا، له كاتێكدا ئارسیناڵ له پله‌ی یه‌كه‌می ریزبه‌ندییه به 44 خاڵ له 17 یارییدا.
له به‌رامبه‌ردا یانه‌ی چێڵسی، ئه‌م وه‌رزه له ركابه‌ریی چوار تیپه‌كه‌ی پێشه‌وه “بیگ فۆڕ” دووره و له پله‌ی ده‌یه‌می ریزبه‌ندییه و 25 خاڵی له 16 یاریدا كۆكردووه‌ته‌وه.
هه‌رچه‌نده هه‌ردوو تیپ ئێستا له ریزبه‌ندیدا ركابه‌ری یه‌كتر نین، به‌ڵام پێشبینیی ده‌كرێت یارییه‌كه‌ی ئه‌مشه‌و به‌هێز بێت.
جێی سه‌رنجیشه یه‌كشه‌ممه‌ی داهاتوو هه‌ردوو یانه له قۆناغی سێیه‌می جامی یه‌كێتیی ئینگلته‌راش جارێكی دیكه رووبه‌ڕوو ده‌بنه‌وه.