15 رۆژ کاتیان هەیە

مەرجەکانی پڕکردنەوەی فۆڕمی دڵنیایی کەمئەندامان راگەیەندرا

پێشەوا محەمەد

وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتیی حکومەتی هەرێم مەرجەکانی پڕکردنەوەی فۆڕمی دڵنیایی کەمئەندامانی راگەیاند و لەمەودوا بەپێی ئەو فۆڕمە موچەیان پێدەدرێت.

فۆڕمەکە لە 7.1.2024ـەوە لە بەڕێوەبەرایەتییەکانی پاراستنی کۆمەڵایەتی بەردەست دەبێت و ماوەی 15 رۆژ بەردەوام دەبێت.

بە پێی ئەو مەرجانەی وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتی بڵاوکردوونەتەوە، پێویستە هەر کەمئەندامێک لە کاتی پڕکردنەوەی فۆڕمەکەدا پێویستە:

*خودی کەمئەندام خۆی ئامادە بێت.

*دوو وێنەی مامەڵەی خۆی پێبێت.

*ناسنامەی موچە وەرگرتنی پێبێت.

*کارتی نیشتمانی یان  ناسنامەکەی پێبێت.

*ئەو کەمئەندامانەی موچەی وارسی شەهید یان خانەنشینی وەردەگرن و گرێبەستەکە بەناوی ئەوانەوەیە پێویستە گرێبەستەکەیان پێبێت.

سامان حسێن، سەرۆکی یەکێتی کەمئەندامانی کوردستان بە 964ـی راگەیاند، پڕۆسەکە گرنگە و ساڵانە ئەنجام دەدرێت و بۆ دڵنیابوونەوەیە لە لەژیاندا مانەوەی کەمئەندامان.

وتیشی، “ئەمساڵ پڕۆسەکە ئاسانتر کراوە بۆ ئەوەی کەمئەندامان زۆر ئەرک نەکێشن و گرنگە کەمئەندامان فۆڕمەکە پڕبکەنەوە بۆ ئەوەی بیسەلمێنێت کە لە ژیاندایە و حەقی ئەوەی هەیە موچەکەی وەربگرێت”.

پڕکردنەوەی فۆڕمەکە ئەو کەمئەندامانە ناگرێتەوە، کە موچەی کەمئەندامییان وەک دەرماڵە بۆ خراوەتە سەر موچەی دیکەیان.