رۆژانە 1000 دزى تۆمار دەکرێت
دزەکان تەنگیان بە بەریتانیا هەڵچنیووە
964+
وریا فەتاح
لە بەریتانیا حاڵەتەکانى دزیکردن لە دووکان و چێشتخانە و بازاڕەکان زیادیان کردووە و بە گوێرەى خەمڵاندنەکان دزییەکان زیانى یەک ملیار جونەیهی ئیستەرلینیان بە کۆمپانیا بازرگانییەکان گەیاندووە، لە ناو پەنابەرە کوردەکانیش دزییەک پەیدا بووە کە دزیلێکراو ناتوانێت پۆلیس ئاگادار بکاتەوە.
گرتەیەکى ڤیدیۆیى لە میدیاکانى ئەو وڵاتە بڵاوکراوەتەوە و تێیدا دەردەکەوێت، ژنێک بە بەهای 500 جونەى ئیستەرلینى جل و بەرگ کۆدەکاتەوە و بەبێ ئەوەی پارە بدات مۆڵەکە جێدەهێڵێت، دوای دوو رۆژ هەمان ژن گۆشتی بازاڕێکی بازرگانی دەدزێت کە نرخەکەى 200 جونەی ئیستەرلینییە.
نزار هەورامى، راوێژکارى یاسایى کە لە وڵاتى بەریتانیا دەژیت، لەسەر ئەو بابەتە قسەى بۆ 964 کردووە و دەڵێت: زۆربونى دزییەکان لە بەریتانیا دوو هۆکارى لەپشتە، یەکەم گۆڕانکارى لە یاسا و بەرزبونەوە نرخى کەلوپەلەکان و قورسبونى ژیان”.
وەک ئەوەى نزار هەورامى روونیکردەوە، پێشتر گۆڕانکارى لە یاساکە کەس نەیدەوێرا دزى بکات، یان زۆر بە هەستیارییەوە شتێکى بچوک دەدزرا، بەڵام ئێستا کە یاساکە گۆڕاوە، دەرفەتى دزى زیاد کردووە، چونکە بەپێى یاساکە هەر کەس لە 200 پاوەند کەمتر بدزێت، زیندانى و دادگاى تێدا نییە و تەنها بە پۆستە ئاگادار دەکرێتەوە و پێبژاردنى بۆ دەکریت.
ئەو دزییە لە بەریتانیا پێى دەوترێت shoplifting، واتا هەر دزییەک لە 200 پاوەند کەمتر بێت، وەک ئەو راوێژکارە یاسایییە باسى لێوە دەکات، تەنها لە 2023دا، 364 هەزار حاڵەتى دزى جۆرى shoplifting، لە بەریتانیا تۆمارکراوە.
“ئێستا حاڵەتەکە بەشێوەیەک زۆر بووە، پۆلیس لە وەڵامى پەیوەندى سێ خاوەن دووکان کە دزیان لێکراوە تەنها بە دەم یەکێکیانەوە دەچێت، جگە لەوەش ئەگەر دزێک بچێتە مارکێتێک ستافى مارکێتەکە ناتوانن رێگرى لێبکەن، تەنها مەگەر سکیورتى هەبێت ئەو دەتوانێت رێگرى بکات”. نزار هەورامى واى بە 964 وت.
“جۆرە دزییەکى دیکە هەیە زیاتر لەناو شوێنە کوردییەکان باوە”
ئەو راوێژکارە یاساییە باسى لە جۆرە دزییەکى دیکە کرد کە دزیلێکراو ناتوانێت پۆلیس ئاگادار بکاتەوە، بەتایبەت ئەوە لە ناو پەنابەرە کوردەکان زۆر بڵاوە بەتایبەت ئەوانەى ئیشى پاکەت و ڤەیپ دەکەن، کاتێک باندێک لە کوردەکان لە رێگەى زانیارییەوە بە شوێنى شاراوەى پاکەت و ڤەیپە قاچاغەکان دەزانن، دەچن لێى دەدزن و دزى لێکراویش چونکە کارێکى نایاسایى دەکات، ناتوانێت تەلەفون بۆ پۆلیس بکات.
حکومەتى بەریتانیا پێى وایە، بارودۆخى ئابورى و بەرزى تێچووى ژیان پاساو هەڵناگرێت بۆ ئەوەى دزى بکرێت، چونکە وەک وەزیرى ناوخۆى ئەو وڵاتە ئاماژەى پێکردووە لە بەریتانیا سیستمێکى زۆر باشى بەخشندەى هاوکارى کۆمەڵایەتى هەیە لەگەڵ ئەوەشدا مووچەیان بەرز کردووەتەوە.
بەپێى ئەوەى خراوەتەڕوو، ژمارەى دزی کردن لە فرۆشگاکان بە رێژەى 25% زیادیان کردووە و رۆژانە هەزار دزى تۆمارکراوە و بەوهۆیەوە قەبارەى دزییەکان بە یەک ملیار جونەى ئیستەرلینى، خەمڵێنراوە.
هەرچەندە لە بەریتانیا بەڕێژەى 68%ى کەلوپەلى فرۆشگا و مۆڵەکان، لێبڵى ئەمنییان پێوەیە و ئەمە وا دەکات بە رێژەی زیاتر لە 70% دزى کەمبکاتەوە و هاوکارى دزەکە دەکات تا دوو جار بیر بکاتەوە بۆ ئەوەى دزییەکە نەکات، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا دزی کردن رووى لە زیاد بوون کردووە.